بیروڕا
لامەرکەزیەت؛ دەستکراوەیی حکومەتە خۆجێییەکان
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لامەرکەزیەت بەتەعبیرێکی سادە واتە؛ "هەرکەس بە بەڕەی خۆی"، لەڕوانگەی ئەم پەندە کوردییەوە واتە هەر پارێزگایەک بەپارەو داهاتەکەی خۆی خۆی بژێنێت. جا پارێزگای سلێمانی بەبەراورد بە هەر پارێزگایەکیتری کوردستان کە داهاتەکەی زۆرترە دەبوو لەهەمووان باشتر لەسەر بەڕەکەی خۆی بژێت بەڵام ترس لە لامەرکەزیەت ڕێگا نادات سلێمانی بەبەڕەی خۆی بژی بەڵکو ئێستا زۆنیتر و شاریتریش لەسەر بەڕەکەی سلێمانی خزمەت دەکرێت.

ئەگەر تەماشاکارانی ئەم پرسە سەرەو ژوور بڕواننە لامەرکەزیەت و بەدوو ئیدارەیی لێی تێبگەن ئەوا هەرگیز ناتوانرێت ویستی خێرو خزمەتکار لە ویستی شەڕو گەندەڵ جیابکرێتەوە کە هەمیشە ئەم دابەشکردنە لەکوردستان هەیە، ناوچەیەکی دەسەڵات بەخزمەتکارو ناوچەیەکیتر بە پەراوێزخراو ڕەنگڕێژ دەکرێت. خراپی کارکردن بە مەرکەزیەت لەوەدایە بەرپرسەکان لەبەرپرسیارێتی خۆیان دەشارنەوەو لەمەرکەزیەتدا گەندەڵەکان ناناسێنرێنەوە.

مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت پێکدادانی هێزی تەمەڵ و هێزی زیرەکە، لە مەرکەزیەتدا پانتایی کارکردن بچوک دەبێتەوە بۆ هێزی باڵاو براوە، تاکو هێزی براوە هەبێت دەرفەت بۆ هێزی دووەم نادات ئەویش خزمەتی ناوچەو هاوڵاتیانی خۆی بکات. لەلامەرکەزیشدا پانتاییەکە فراوان و ئاشکرا دەبێت بۆ دەسەڵاتی پارێزگاکان کە هەموو ئەو پارەیەی دێتەدەستان لەپرۆژەی گەورە و ستراتیژیدا سەرفی بکەن.

لامەرکەزیەت کارئاسانی دەکات بۆ دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکان تاکو دەستکراوەتر بن لەخزمەتکردن، چونکە لەلامەرکەزیەتدا داواکاری هاوڵاتیان بۆ دەسەڵاتی خۆجێیی زووتر دەگات و زووتریش وەڵام دەدرێتەوە کە ئەمە لە مەرکەزیەتدا کارێکی گران و قورسە، نمونەی ئەم مەرکەزیەتە تەنها شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەنمونە دێنینەوە، ئەگەر ئەم شەقامە لەچوارچێوەی لامەرکەزیەتدا بوایە ئێستا نوسەری ئەم دێڕانە ڕووی دەمم لەپارێزگاری سلێمانی بوو کە بۆچی ئەو پرۆژە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەکوردستان مەرکەزیەت هەیە ئەوا ڕووی ڕەخنەو گلەییمان لەهەولێرە.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەپێش زایینیشدا پرسی لامەرکەزیەت بەشێوەی یەکەی ئیداری لەمیزۆپۆتامیادا پێڕەو کراوە، بەڵام داگیرکارییەکان و پێچانەوەی خێروبێری ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوەو بردنیان بۆ مەرکەز دۆخێکی ئەوتۆی بەسەر ناوچەکەدا هێنا مەرکەزیەت بووە مۆدێلێکی ئیداری و بەڕێوەبردن و بۆئەوەی داهات بۆ سەردارو سەرۆکی زلهێزەکان بێت نەدەبوو داهاتی هەر یەکەیەکی ئیداری لەناوخۆدا بۆ خزمەتی هاوڵاتیان سەرف بکرێت.
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ