بیروڕا
ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد چارەسەری کاتییە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد هەموو شتێک نییە بۆ هەرێمی کوردستان، لەڕاستیدا هەڵەیەکی کوشندەیە لەسەر ڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغداد ڕاکشێین "ئەگەر ڕێکیش بکەون!". پشت بەستن بەنەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات و موچە لەو کاتەدا زیانەکەی دەردەکەوێت کە وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی لەم شێوەیەی هەرێم و عێراقیش دەبێتەوە، لە 2014 ەوە بۆ 2020 ئەوە دووجاران قەیرانی موچەو بودجەمان بۆ دروست دەبێت و دیسان ڕادەکەین بەرەو بەغدادو داوای ڕێککەوتن دەکەین لەگەڵ بەغداد، ئەمە بەزیانێکی نەتەوەیی شکاوەتەوە بۆ کوردو پێگەی سیاسیشمان لەعێراقدا.

هەر پسپۆڕێکی ئابووری، زەویناس و ڕووەکناس و سەیاحێکی شارەزا بێتە باشووری کوردستان، دەزانێت ئەم وڵاتە عەقڵێکی گەورەو ماستەرمێند بەڕێوەی نابات چونکە گرنگی بەهیچ کایەیەکیتر نەدراوە جگە لەنەوت و سامانی ژێرزەوی. ئەگەر بۆ وڵاتێک تەنها سامانی ژێرزەوی شک بەرێت ئاساییە ساڵەکانی بەدیار بەرمیلێک زیاتری نەوتەوە بەسەر ببات، بەڵام بۆ هەرێمێکی بچوکی وەک کوردستان کە لەهەموو سامانێکی سەرزەویش دەوڵەمەندە جگە لە دەستوپێ سپێتی حکومەت و کاربەدەستان هیچیتر ناگەیەنێت کە تاکو ئێستا سوودمان لێنەبینیووەو نەمانکردوونەتە سەرچاوەی داهات. لەپاڵ نەوتی هەرێمدا ئەم کوردستانە خاوەن هەڵکەوتەیەکی تایبەتی گەشتیارییە بەڵام بەهیچ جۆرێک ئیهتیمامی پێنادرێت و تەنها چاومان لەنەوتە. یەکێک لە بەناوبانگترین و بەپیتترین دەشتاییەکانی جیهان کە دەشتی (شارەزوور)ە لەکوردستانە بەڵام تائێستا نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێت بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لەبازاڕدا تاکو هاوڵاتیان لەکاتێکدا موچەیشیان درەنگ وەرگرت هێشتا بەرهەمە ناوخۆییەکان بەنرخێکی هەرزان دەست بخەن و زۆریان لەسەر نەکەوێت.

بەڕاستی کەموکورتییە بۆ هەرێمی کوردستان، لەڕۆژانی ڕابردوودا حکومەتی خۆسەری لەخۆرئاوای کوردستان جەژنانە بەسەر فەرمانبەرەکانیدا ببەخشێتەوە بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت "هەوڵ دەدەین پێش جەژن موچە دابەش بکەین !! "، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو موچە زۆرو زەوەندەی لەلایەن ژمارەیەک پلە باڵای هەرێمەوە وەردەگیرێت بارێکی قورسی بۆ حکومەت دروست کردووەو بەهۆی خاتروختوری سیاسیشەوە هیچ هەوڵێک نییە بۆ کەمکردنەوەی ئەم کولفە زۆرە و دابەشکردنەوەی بەسەر موچەخۆراندا.

هەرچەند بەپێی هەواڵە دزەپێکراوەکان بێت، لەئێستادا بەغداد داشی سوارەو نایەوێت لەگەڵ هەرێم ڕێکبکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغداد بچێتە بواری جێبەجێکردنیشەوە تەنها ڕێککەوتنێکە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەری نەخۆشییەکەمان دەکات، ئەوەتا ئەمریکا هەڕەشەی ئەوە لەسعودیە دەکات ئەگەر ئەمریکا پشتی سعودیە بەربدات ئەوا ئێران و حوسی و قەتەر دەیخۆن!، واتە نرخی نەوت و هەڵبەزو دابەزی نەوت لەدەستی ئەمریکادایە، تاکو ئەم مەترسییەیش هەبێت ئەوا نەوتی عێراق و هەرێمیش توشی هەمان داکشان دەبێت و هیچ شتێکیتریش شک نابەن بۆ پارەدارکردن و دابینکردنی موچەی هاوڵاتیان، بۆیە لەم کاتەدا ئەوەی گرنگە حکومەتی هەرێم دەبێت چیتر لەتاک سەرچاوەیی پارەپەیداکردن بکشێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بەسامانی سەرزەوی و فرەسەرچاوەیی پارە.

ئەگەر لەڕابردوودا لێزانێکی ورد و ستراتیژێکی درێژخایەن لەباشووری کوردستان هەبوایە، نوێنەرانی کورد بەو پەلەپڕوزکێیە نەدەگەشتنە بەغدا بۆ ڕێککەوتنی نەوتی!، بەڵکو کارێکی وادەکرا بەشێکی باشی ئەو پارەیەی لەناوەڕاست و خوارووی عێراقە دەهێنرایە هەرێم، بەڵام چونکە گەشتیاری تەنها لەبارە سروشتییەکەیدایەو گرنگی زۆری پێنەدراوە بەمەبەستی پەیداکردنی پارە ئەوا گەشتیاری لەکوردستان وەک وڵاتانی ئەوروپا و لانی کەم وەک تورکیا نەبووەتە مایەی خێروبێری ئابووری.
ئێستاش نەچووە بچێت و "لەیەک کونەوە چەندانجار پێوەدراوین" دەکرێت هەوڵەکان بخرێتەگەر تاکو سەرچاوەی پارەو داهات لەنەوت و سامانی ژێرزەوییەوە بگوازرێتەوە بۆ سامانە گرنگ و زۆرەکەی سەرزەویمان و لەقەیرانی لەم شێوەیە ڕزگارمان ببێت و نەیەتەوە ڕێمان.
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
نه‌سرین كورده‌
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
نه‌سرین كورده‌
نه‌سرین كورده‌
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ