بیروڕا
بۆ ئێستا چارە چیە؟
هیوا محه‌مه‌د
کێشەی دروست نەبوونی حکومەت یان کورتی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت لە وادەی یاسایی خۆی،  هەموویان پەیوەستە بەو ناکۆکییە دێرین و چەقبەستویەی کە لە هەرێمی ئێستای کوردستاندا هەیە.
لەهەموو جێیەکی ئەم دونیایە ناکۆکی بەردەوامی درێژ خایەن لە نێوان دوو حزبدا بوونی هەیە و جیاوازییەکانیان لە ووڵاتێکەوە بۆ یەکێ تر دەبیندرێت، لە ووڵاتێکی وەک ئەمریکا لە نێوانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا هەیەو هەر لەسەر ئەم ناکۆکییانەشە ووڵاتەکەیان بەرەو پێشتر و زلهێزتر دەڕوات، چونکە ئەوان ململانێ لەسەر زیاتر پیشخستنی ووڵات دەکەن. 
لەووڵاتێکی وەک پاکستان لە نێوانی پارتی گەلی پاکستانی و رابیتەی ئیسلامیدا( بێنەزیر بۆتۆکان و نەواز شەریفییەکان ) هەیەو زیاتر کۆمەڵگای ئەو ووڵاتەی ئفلیج کردوە ئەویش بەو هۆیەوە کە نەواز شەریف و حزبەکەی لەلایەن سعودیەوە هاوکاری دەکرێن و حزبی گەلیش بە حزبێکی چەپگەرایی دەناسێندرێت و ئەمەش بۆ حزبێکی وەک رابیتەی ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی سعودیە باش نیە بەتایبەت لەوەی کە پاکستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئیراندا هەیە.
 لە هەرێمەکەی ئێمەشدا ململانێی دوو حزب کە ڕەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە پەنجا ساڵ و بەهۆیەوە مێژووی ئەم پارچەیەی پڕ کردوە لە قوربانی شەڕی خۆیی و کارەساتی دیکەی ماڵویارن کەر و لەسەروشیانەوە لاواز کردنی ڕۆحی شۆڕشگێڕی میللی و زیاد بوونی پەیوەستبوون بە کەسایەتی سیاسیی و توانەوە لە ناو بەرژەوەندییە مادییەکاندا.
ئەگەر چی لە سیپتەمبەری ١٩٩٨ وە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لە دوای ڕێکەوتنەکەی واشنتن بە میانگیری مادلین ئولبرایت نەماوەو زیاتر لەو ماوە رابردوەدا شەراکەت و هاوپەیمانی بووە، ئەویش پێدەچێت بەحوکمی سیاسەتی دروستی کۆچکردو مامجەلال بووبێت چونکە لەدوای دوورکەوتنەوەی ئەو لە گۆڕەپانی سیاسی ئیدی تەقە کەوتە هەموو شتەکان و هیچی وەک خۆی نەما.
بەدەیان کۆبوونەوەی لووتکەیی لە نێوان پارتی و یەکێتی کراوەو بەردەوامیشە، بەتایبەت هەر چوار ساڵ جارێک لە پێش و پاشی هەڵبژاردن و دروست کردنەوەی پەرلەمانی نوێ و حکومەت، بەمەش هەموو جارێک میللەت دەبێتە قوربانی بەهۆی ناسەقامگیری سیاسیی و نادیاری چارەنووسی حکومەتە نوێکە.
ناچینە سەر هۆکار چونکە لەم ووتارەدا جێی نابێتەوە، بەڵام هەمان ئەو هۆکارانەو بە جۆرێکی تر دێنەوە بەردەم دروست بوونی حکومەتە نوێکان، ئەویش لەبەر ئەوەی کارتێکەری مێژوە رابردوەکەو ململانێکان چەکەرەیان هەر ماوە و ( پقە) لە نێوانی ئەم دوو حزبەدا نیە و بە چاوی گومانەوە لەگەڵ یەک کار دەکەن.
دوو شتیش هەیە رەنگە بتوانین بڵێین بۆ هەریەک لەپارتی و یەکێتی بەدەیان ساڵی تر نایەتە دی ئەویش گۆڕینی قەڵەمڕەوی دەسەلات و بوونی هەوادارەکانیانە لە ناوچەی سۆران و بادینان، ئەمەش وادەکات کە هەمیشە ئەم کێشانە گەورە ببن یان بە زەحمەت چارەسەر ببن، یەکگرتووی ئیسلامی لە دهۆکدا جێێ خۆی کردبوەوە چونکە هیچیان لەسەر پارتی نەدەگووت بەلام کاتێک کەوتنە قسە ئەوە بارەگاکانیان سووتاندن و خۆشیان دەنگ و رەنگیان بەرەو نەمان چوو.
باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا دوو ئیدارەییە لە دوو هەرێمی سلێمانی و هەولێر بەڵام بەمەرجی کار ئاسانی بۆ بەڕێوەبردن و هەبوونی پەیوەندییەکی باشی هاونیشتیمانانە لەگەڵ یەک و نەگەڕانەوە بۆ شەڕ و بەکار هێنانی هێز، با لەژێر بوونی دیموکراسیدا هەر حزبێک لە هەر شوێنێک ئازاد بێت بەڵام هیچیان بەشداری( وەک پۆستی باڵا) دامودەزگا ئیدارییەکانی ئەوی تر نەکات و خۆشیان ئازاد بن چۆن لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکانیان گرێ دەدەن.
ئەم هەرێمە کە تەنها لەسەر زاری خۆمان ئیعترافی پێ کراوە با چی دی بەناخی زەویدا نەڕوات چونکە ریفراندوم لەتێکی باشی لێ کردەوە و بەدوای ڕووداوەکانی کەرکوکیشدا هیچی وای نەماوەتەوە، با هەستی دڵسۆزی نیشتیمان پەروەرانە بەکار بهێندرێت نەک هەستی قەومی و ململانێێ زیانبەخش.
‌‌ زیاتر ...
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ