دۆسیە
دوای هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی چی ده‌وترێت؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم


پاش سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم کە نێچیرڤان بارزانیە و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت کە مەسرور بارزانیە چاودێرانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایان کرد کە هەژموونی خێڵەکی ( بارزانیەکان ) باڵ بەسەر سیستەمی سیاسی هەرێمدا دەکێشێت.


بارزانیه‌كان سیستمێكی هاوشێوەی پادشایەتییان بنیاتناوە

 ( فرانس پرێس ) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كەگەیشتنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ترۆپكی دەسەڵات، دەبێتە هۆی پتەوكردنی هەژموونێكی خێڵەكی بەسەر پارتی و دەمەزراوە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانیشدا.
كەمال چۆمانی شرۆڤەكاری سیاسی لە پەیمانگەی تەحریری سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش راگەیاندووە: بارزانییەكان دەزانن كە لە رووی یاساییەوە ناتوانن سیستمێكی پاشایەتی لە عێراق یان هەرێمی كوردستاندا دروست بكەن، بەڵام سیستمێكی هاوشێوەی پادشایەتییان بنیاتناوە.

پارتی ئەو حزبەیە كە ریفراندۆمێكی شكستخواردووی ئەنجام دا

سەبارەت بە هەوڵە شکستخواردووەکانی پارتی ڕایگەیاندووە،پارتی ئەو حزبەیە كە لە ٢٠١٧ دا ریفراندۆمێكی شكستخواردووی ئەنجام دا لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان بە عێراقیشەوە پارتی و سەرۆکەکەیان لە زیانەکانی ئەو هەوڵ ئاگادار کردەوە بەڵام مسعود بارزانی گوێی بە پێشنیار و هۆشداریەکانی وڵاتانی جیهان نەدا و لە پاش ڕیفراندۆمەکە ٥١% خاکی هەرێم ڕادەستی عێراق کرایەوە ،پێشبینی ده‌كلاێت،بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر پەیوەست بكرێت بە سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و خودی مسعود باررزانیەوە.
میگان كونیلی شارەزای دۆزی كورد لە زانكۆی نیویۆرك بە فرانس پرێسی راگەیاندووە زۆر روونە كە بنەماڵەی بارزانی وەك دامەزراوەیەكی جێگیرەوە دەردەكەوێت ولەو بڕوایەشدایە كە سەرۆكایەتی هەرێم وەك دامەزراوەیەك لاوازتر دەبێت لە ئێستادا لە چاو سەردەمی مسعود بارزانی.


مەسعود بارزانی رۆڵی نێوەندگیر ده‌بینێت لە نێوان كوڕەكەی و برازاكەیدا

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە پێدەچێت مەسعود بارزانی رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لە هەر جۆرە ركابەرییەك لە نێوان كوڕەكەی و برازاكەیدا سەرهەڵبدات وناكۆكییەكانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەسەر دەسەڵات و داهات پەرەبسێنێت،


جگە لە د. بەرهەم ساڵح كەس باسی بەدیهێنانی مافی كوردی نەكرد

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسیش رەخنەی لەو وتارانە گرت كە لە كاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشكەش كران وده‌ڵیت :جگە لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، هیچ كەس باسی بەدیهێنانی مافی كوردی نەكرد و رایگەیاند : ئەوەی غایب بوو لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا باسی دەوڵەتی کوردی و ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین بوو،.تەنها د بەرهەم ساڵح، وتی کە هەتا مافەکانی کورد بەدەست نەیەت لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا ئارامیی بەدی نایەت، لەکاتی ئەم قسەیەشدا سەیری (مەولود) چاوشئۆغڵو( وەزیری دەرەوەی توركیا)ی کرد.


به‌رزانییه‌كان چەندان ‏جومگەی هەستیاری ئەمنی و سەربازیی هەرێمییان قۆرخ کردووە

ئارام رەفعەتی نوسه‌ریش ده‌ڵیت:رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد مەسروری ئامۆزا و ژنبراشی وەک سەرۆکی ‏ئەنجومەنی وەزیران دەسبەکار ده‌بێت. مەسعود بارزانی مام و خەزوریشی وەک ئەمری واقیع رۆڵی ‏مەرجەعی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت و کوڕو برازاکانی تری مەسعود بارزانیش چەندان ‏جومگەی هەستیاری ئەمنی و سەربازیی هەرێمییان قۆرخ کردووە. جگە لەوە، زۆرینەی پۆست و ‏پایە سەرەکی و گرنگەکانی کوردستان لەدەستی پارتیدان و ئەو پۆستانەش کە دراونەتە (یان ‏دەدرێنە) حیزبەکانی تر، بنەماڵەی بارزانی دوا قسەی لەسەر دەکەن و بێ ئۆکەی و رەزامەندی ‏ئەوان، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت هیچ پۆستێکی هەرێم بەدەست بێنێت و هەندێک جار ئەم ‏باڵادەستییەی پارتی تا دەستنیشان کردنی سەرۆکی لیستی حیزبەکانی تر دەڕوات.‏

‏ ده‌شڵیت: لە ئێستادا، بنەماڵەی بازرزانی بنەماڵەی حاکمی فەرمی و بێ رکابەری هەرێمی ‏کوردستانن. لانی کەم لە دوای ئاشبەتاڵ (هەرەس)ی شۆڕشی ١٤ ساڵەی ئەیلول لەسەر دەستی ‏مستەفا بارزانی باپیرەیان، هیچ کاتێک پێگەی ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (پارتی) هێندەی ئێستا ‏بەهێز و بێڕکابەر نەبووە وپرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، چۆن بنەماڵەی بارزانی کە بەرپرسی سەرەکی ئاشبەتاڵەکەی ‏شۆڕشی ئەیلول، خاوەنی ٣١ی ئاب و (دوای داعش) ئەو بنەماڵە و حیزبە بەرپرسی سەرەکی ‏جینۆسایدی شەنگالن، توانییان حوکمڕانی میرایەتییەکەیان(هەندێک بەهەڵە بە سوڵتانیزمی ناوزەدە ‏دەکەن) بەسەر کوردستاندا بسەپێنن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆزتر دەبێت ئەگەر ئەوە بخەینە پێشچاو کە لە دوای ئاشبەتاڵ تا راپەڕینی ‏‏١٩٩١ ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (بەهۆی ململانێ و کێشەکانییان لەگەڵ یەکێتیدا) بەشێوەیەکی ‏گشتی لە کۆمەڵگای باشور دابڕابوون و هیچ کاریگەرییەکی کردەیی بەرچاوی وایان بەسەر ‏زۆربەی هەرە زۆری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوکدا نەبوو. ‏

رۆڵی پارتی لە راپەڕینی ١٩٩١دا رۆڵێکی لاوەکی و پەراوێز ‏بوو
ئارام رەفعەت باس له‌وه‌شده‌كات:جگە لەم هەقیقەتانەی سەرەوە، رۆڵی پارتی لە راپەڕینی ١٩٩١دا رۆڵێکی لاوەکی و پەراوێز ‏بوو، ئەوانەی شاهیدی راپەڕین و پرۆسەی راماڵینی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاق بوون، ‏ئاگاداری ئەوەن کە پارتی هەم لەئاستی بەشداری و ئامادەیی مەیدانی و هەم لە ئاستی میدیاییدا ‏بەگشتی غائیب و بێ کاریگەر بوو. بێجگە لەوە، پارتی و هەر یەک لە مەسعود بارزانی و نێچرڤان ‏بارزانی، لە ٢٨ ساڵەی بەشدارییان لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمدا، بەتایبەتی لە پۆستەکانییاندا ‏وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران، دوو کارەکتەری فاشیل و بێ دەسکەوت بوون و جگە ‏لەوەی بەرپرسی سەرەکی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانن، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیارێتی ‏هەرەسهێنانی ئابووری کوردستان و پەرتەوازەیی ناو ماڵی کوردی و سیستەمی پاشەکەوتی موچە ‏‏(کە لەراستیدا سیستەمی برسی کردنی نەتەوەیەکە). ‏

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەدا ئاماژە بە فاکتەرگەلی جۆراوجۆر ‏دەکەن، لەوانەش: لاوازی و پەرتەوازەیی رکابەرەکانی؛ سەنترالیەت (ناوەندێتی) دەسەڵاتی ‏بڕیاردان لەناو پارتیدا و نەبوونی کێشەی سەرکردایەتی و باڵباڵین وەک حیزبەکانی تر؛ وە ‏ناوشیاری کۆمەڵگای کوردی.‏

ئەم فاکتەرانەی سەرەوە رەنگە هۆکارگەلێک بن کە هاوکاربووبن بۆ هەڵکشان و بەهێزبوونی ‏پێگە و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و چەسپاندنی پایەکانی ئەو سیستەمە میرایەتییەی کە خەریکە ‏بەتەواوی شکڵ دەگرێت. بەڵام هیچ کام لەم فاکتەرانە ناتوانن وەڵامی تەواوی پرسیاری هەڵکشان ‏و بەهێزبوونی ناسروشتی جێگە وپێگەی بنەماڵەی بارزانی و حیزبەکەیان بدەنەوە.‏

ڕاپۆرتی:عه‌بدول نه‌جم 


1719 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/13/2019 3:04:38 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ