دۆسیە
گەنجێک دەبێتە فریاد ڕەسی قەزایەک
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز

گەنجە و بەتوانایە،بێ گوێدانە ماندوو بوون و بەخۆبەخشانە دەیەوێت چی پێ بکرێت بۆ خزمەت کردنی قەزاکەی بەھاوکاری ھاوڕێکانی ئەنجامی بدات،ئەویش عوسمان عەبدوڵای چالاکوانە لەشارەزوور.

ئەو ئامانجی تەنھا خزمەت کردنە و لەڕێگەی چالاکییەکانییەوە دەیەوێت ھەموو کەس فێر بکات کە دڵسۆز بیت بۆ وڵاتەکەی،بۆیە چەندین کار و چالاکی جیاواز جیاواز ئەنجام دەدات کە پێشبینی ناکەیت لە تەنھا لە ماوەی کەمتر لە ٢ مانگدا ئەو ھەموو کارەی کردبێت.

عوسمان عەبدوڵا چالاکوان و ڕۆژنامەنووس تایبەت بۆ ئاڕاستە ڕایگەیاند:جیاواز لە و کەسانەی کەدەڵێن مرۆڤ تەنھا دەتوانێت لەیەک کاردا ئەزموونی ھەبێت،من ئەو ڕێچکەیەم شکاندوە و بەکار وچالاکیە جیاوازەکانم ئەمەم سەلماندوە،ھەربۆیە بڕیارم دا چەندین گرووپ و ستاف درووست بکەم لەسەرجەم بوارەکان بۆ خزمەت.

وتیشی:ئێمە کۆمەڵێک گەنجی چالاکوانین سەربەھیچ لایەن و حزبێک نین و ھیچ باکگراوندێکمان لەسەرنیە و لەسنوری قەزای شارەزوور و دەوروبەری کاردەکەین بەستاف و گرووپ و ھەر چالاکیەکیشمان بەفۆرمێکی تازەو ناوێکی نوێ بەپێی کارەکەمان دەگۆرێت.

سەبارەت بە کارەکانیشیان ئاماژەی بەوە کرد:یەکەم چالاکی فەرشکردنی کورسی قوتابخانەکان بوو بەئامانجی پاراستنی مندالەکانمان لەسەرمای زستان و چالاکی دوەممان،درووستکردنی زیاتر لە ٦٠ ھێلانە بوو لەناوپارک و شوێنە گشتی یەکان بۆ  باڵندەکان بەدروشمی با ئاشتبینەوە لەگەڵ باڵندەکان وچالاکی  سێیەمیشمان پێدانی  خواردن بوو بە باڵندەکان لەناو دارستانەکانی شارەزوور  و زەرایەن.

ئەو گەنجە زیاتری خستەروو و وتی:چالاکی چوارەممان لەیەک ھەفتەدا ٣سێ جار بڵاو کردنەوە ی کیسەخۆل بەسەر  بەقاڵەکان و دوکاندارەکانی سنوری شارەزوور و چالاکی پێنجەممان ھۆشیاری مادەی ھۆشبەر بوو بەڤیدیۆ کە چۆن ھۆشیار بین لەو دیاردەیە و چالاکی شەشەممان ھۆشیاری بۆ قوتابیان کەبەسەر  پردی پە رینەوەدا بچن و ھاوکاری ھاتووچۆبن.

کۆمەڵێک چالاکی تری ھۆشیارکردنەوە وەک ھۆشیاری بۆ ئاژەڵەماڵییەکان و ئاگادار کردنەوەی خاوەنەکانیان،و ھۆشیاری بۆ دوکاندارو مریشک فرۆشەکان کە ئاوەپیسەکەی مریشکەکەی تێدا دەشۆرن زوو زوو بیگۆرن بۆ ئەوەی ھاولاتیان سەلامەت بن لە نەخۆشی پەلەوەر و ھۆشیاری بۆ پاک راگرتنی  توالێتی  شوێنە گشتی یەکان و بەخشینەوەی  زیاتر لە ١٧٠٠کیسەخۆل بەسەر ئەو ئۆتۆ مبێلانەی دەچنە سەیران و شۆردن و خزمەت کردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پێدانی خواردن و عیلاج کردنیان و بلاوکردنەوەی پروشەرو رێنمای  ژینگەیی و بەخشینی  زیاتر لە ٢٠٠نەمام بەسەر ھاولاتیانی شارەزوور و ھۆشیاری و چاودێری  دوکان و بازارەکان بۆ ئەوەی چیتر خواردنی ئێکسپایەر و بەسەرچوو  کۆتایی پێ بھێنین و  ھاولاتیان خۆیان ھاوکاری دەزگا ئەمنیەکان بن.ئەمە بەشێکی ترە لە کارەکانی ئەو گەنجانە


ھۆشیاری لێخورینی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەکان و تیژرەوی ھاتووچۆ بەتایبەت لەکاتی  ھاتنەوەی  ھاولاتیان لە بۆنە و ئاھەنگ و سەیرانەکاندا و ھۆشیاری خراپ بەکارھێنانی  ئاوی بەلوعە و شۆردنی ئۆتۆ مبێل لەبەر دەرگا و ھۆشیاری بۆ  بنبڕکردنی  چەک و بەتایبەت  بادی تـاپڕ بۆ ئەوانەی ڕاوچین و لەناو شارەکاندا بێ گویدانە ھیچ بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ژینگەیی و ھۆشیاری گرانی شتومەک و ئاگاداری ھاولاتیان لەجۆری میوەکان و ڕۆژێک لەگەڵ پیاوانی پاک و خاوێنی و گوێگرتن لە موراعاتیان و ھۆشیاری  بۆ دایک و باوکان کە منداڵەکانیان شەوان درەنگ نەیەنە دەرەوە و ھۆشیاری یاری پۆبچی و نەمانی تۆڕی پەیوەندی خێزانی،ئەمانەو دەیان چالاکی خێرخوازی کە لەکەمترین ماوە واتە تەنھا کەمتر لە ٢مانگدا ئەنجاممان داوە،كە تەنھا لەگیرفانی خۆمان بووە.(عوسمان عەبدوڵا وای وت).

ئەو گەنجە خۆبەشخە سوپاسی قایمقامی قەزای شارەزوور و دەزگائەمنیەکانی کرد کە زۆرھاوکارمیان بوونە و  ڕێگرییان لێنەکردوون ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بەوەی کارەکانمان شاھیدی ئەوەن جگەلەخزمەت ھیچ ئامانجێکی تری نیە. 

ناوبراو ئەوەشی وت:من داوادەکەم ھاولاتیان لەپشتی فیسبوکەکانیان  وەرنەدەرەوەو پێکەوە ھاوشانی دام دەزگاکان کاربکەن بۆ ئەوەی ھەموومان بێ جیاوازی خزمەت بکەین و بونیادی نەوەیەکی تەندروست بەرھەم بێت.

ئەمە بێجگە لە چەندین کار و چالاکی تر،کاری ھونەریشی ئەنجامداوە و لەسەر ئەو کارانەشی بەردەوامە.

1431 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/3/2019 3:47:50 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ