دۆسیە
مه‌ترسی له‌ سه‌ربڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم


لێدوانه‌ جیاوازه‌كان له‌سه‌ربڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم تا دێت زیاتر ده‌بێت و خۆێندنه‌وه‌كان بۆئه‌و بابه‌ته‌  مه‌ترسی نیشان ده‌دات و به‌رپرسانیش هۆشداریان داوه‌.
له‌م ڕاپۆرته‌دا زۆرترین زانیاری به‌رپرسان له‌ سه‌ر برینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ ده‌بینرێت،ئایا حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌توانێت ئه‌و موچه‌ ببڕێت  یاخود به‌ چ شێوه‌یه‌ك ڕیككه‌وتن كراوه‌.

حكومەتی بەغدا سەرجەم شایستە دارایەكانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە

ئەگەرچی لە سەرەتای ساڵی (2019) حكومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجەی عێراقی بووە و سەرجەم شایستە دارایەكانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە ، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم موچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی نەداوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ئاشكرای كردوە،هیچ گرەنتیەك نیە مووچە و بودجەی هەرێم ساڵی ئایندە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوه‌: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی نەكات، ئەوا ناردنی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران هیچ گەرەنتییەكی نییە وەك ئێستا حكومەتی ناوەندی بینێرێت.

زۆرینەی لایەنەكانی عێراق هەڕەشە ده‌كه‌ن كه‌  دەنگ لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادەن

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، زۆرینەی لایەنەكانی عێراق هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقدا، دەنگ لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادەن، ئەوانیش دەڵێن، چۆن خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم هاووڵاتی عێراقن، بەوشێوەیەش نەوتی هەرێم داهاتی عێراقە و دەبێت رادەست بكرێت.
ئەوەشی بەدوارۆ راگەیاندوە، لە ئێستادا نەرمییەك هەیە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێدەچێت نەوت رادەست بكات, ئەگەر ئەوە بكات، ئەوا مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران كەمترە. 



مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نیە
د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نیە، بەڵام بۆ 2020ناتوانین گەرەنتی بدەین.
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندوه‌: پرسی بودجە بۆ ئەم ساڵی 2019یە كەچەند مانگێكی ماوە مەترسی بڕینی نیە، چونكە ئەوە لەیاسای بودجەدا چەسپێنراوە، بەڵام ناتوانین بۆ ساڵی 2020 گەرەنتی بدەین چۆن دەبێت،ئەم بڕە پارەیە دەمێنێ كەمتر یا زیاتر چونكە ئەوە پەیوەندی هەیە بە بەرەوپێشچونی ئەو گفتوگۆیانە ئێستا لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە وە ئەو ڕێككەوتنانەی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەنجام بدرێت لەنێوان هەردوولادا.


حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی دەربڕیووە بەڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتیشی: حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی دەربڕیووە بەڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام خۆ ئەگەر ڕادەستیش نەكرا ئەمە لەیاسای بودجەدا چارەسەركراوە كە لەحاڵەتێك ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو ئەوا پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەبودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و ئەوەی مایەوە دەیدرێتێ.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستاش حكومەتی عێراقی هەموو بودجەی هەرێمی نەناردووە بەڵكو پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لێ بڕیووە، ئەمەش دوبارە لەیاسا جێگەی بۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داوا دەكەین هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات تا بۆ ساڵی 2020 ئەم كێشانە چارەسەر بكات.


دۆسیەی‌ نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات


له‌ 1ی ته‌مموزدا فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عیراق لەلێدوانێكی‌ رۆژنامەوانیدا دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ مەترسیەك لەسەر راگرتن و بڕینی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی هەرێمی‌ كوردستان نییە ودۆسیەی‌ نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات ومەسەلەی‌ ناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم پەیوەندی بەجێبەجێكردنی‌ یاسای بودجەی‌ 2019ی عیراقەوە هەیە و وەكو خۆی جێبەجێدەكرێت و ناردنی‌ موچەش بۆ هەرێم هەنگاوێكی‌ یاسایی و ئاساییە و وەكو خۆی جێبەجێدەكرێـت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "ئەوەی‌ كەباسی لێوەدەكرێت پەیوەندیی بەدۆسیەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە  هەیە كە دەبێت رۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، لەئێستاشدا لیژنەیەكی‌ هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە، بەمەبەستی‌ دانوستان و یەكلاكردنەوەی‌ مەسەلەی‌ نەوت لەنێوان هەردوولادا".

مەترسی بڕین و راگرتنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم نییە
وەزیری دارایی عیراق دڵنیایی بەفەرمانبەرانی‌ هەرێم دەدات كە مەترسی بڕین و راگرتنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم نییە و بۆ پرۆژە یاسای بودجەی‌ 2020ش تائێستا وەزارەتی‌ دارایی حكومەتی‌ فیدراڵ یانزە كۆبونەوەی‌ ئەنجامداوە و چەندین پلانی تایبەت بەستراتیژیەتی‌ بودجەش ئامادەكردووە و كاری‌ لەسەر دەكات.
1875 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/3/2019 4:35:04 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ