هەواڵ
له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌ى دوێنێ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز


دواى خۆپیشاندانى فه‌رمانبه‌رانى به‌شى زیاده‌ڕه‌وى له‌ سه‌رۆكایه‌تى به‌شى شاره‌وانى سلێمانى سه‌باره‌ت به‌ هێرش كردنه‌سه‌ریان له‌ كاتى به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركه‌كانیان له‌ لابرنى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان،ئه‌مڕۆ 4-9-2019 وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌ .

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌:له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا چه‌ند حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو و تاوانكاری له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی شاره‌وانی رویداوه‌، كه‌ دوا حاڵه‌ت ته‌قه‌كردن بوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی لابردنی زیاده‌ڕۆیی له‌ شاره‌وانی سلێمانی، سه‌باره‌ت به‌و رووداو و ده‌ستدرێژیانه‌ی كه‌ كرانه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی شاره‌وانی كاردانه‌وه‌ی خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌رانی له‌ شاری سلێمانی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ داوای پاراستنی گیانیان و جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2018یان كردووه‌.

ڕاشیگه‌یاندووه‌:كه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ كاتێكدا زۆر به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ده‌ستدرێژی و كرده‌وه‌ی تاوانكاری ته‌قه‌كردن له‌ فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا پشتگیری داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌كات و هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی فه‌رمانبه‌ران و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران به‌مه‌به‌ستی په‌لكێشكردنیان بۆ به‌رده‌م دادگاكانی هه‌رێم و به‌ سزاگه‌یاندنیان.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ لابردنی زیاده‌ڕۆییه‌كان و پاراستنی موڵكی گشتی و جێبه‌جێكردنی یاسا به‌سه‌ر هه‌موولایه‌كدا به‌ یه‌كسانی

304 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/4/2019 12:21:30 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ