دۆسیە
گۆڕانی ‌ دوای هه‌لبژاردنی خانه‌ی نوێی ڕاپه‌ڕاندن
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرایەوە وده‌سته‌یه‌ك بۆخانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌كه‌ دانرا.


خۆێندنه‌وه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و دانانه‌وه‌ی عومەری سەید عەلی  به‌ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان چین و چیان له‌باره‌وه‌ ده‌وترێت.

عومەری سەید عەلی به‌ ڕێكخه‌ری گشتی دانرایه‌وه‌


عومەری سەید عەلی لە کۆی 44 دەنگ توانی 28 دەنگ بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە وەک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە وعەدنان عوسمان بە کۆکردنەوەی 22 دەنگ بە سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیی و جەلال جەوهەر بە 33 دەنگ بە سکرتێری فراکسیۆنەکان هەڵبژێردران وبرزۆ مەجید بە کۆکردنەوەی 23 دەنگ بە سکرتێری کاروباری خەڵک و د. دەرباز محەمەد بە کۆکردنەوەی 24 دەنگ بە سکرتێری کاروباری ژوورەکان هەڵبژێردران.لە دوووەم هەڵبژاردن، شەماڵ عەبدولوەفا توانی بە 22 دەنگ بەرامبەر بە 21 دەنگ بەسەر ئاسۆ رەحیمدا سەربکەوێت و پۆستەکە بۆخۆی مسۆگەر بکات.


بزوتنەوەی تەقاوتەکان و باوکی دەوڵەمەندەکان


(ئارام ئەحمەد )نوسەروڕەخنەگروشرۆڤەکاری سیاسی وهەڵسوڕاوی پێشێوی گۆڕان بەبۆنەوەی هەڵبژاردنەوەی ڕێکخەری گشتی له‌نوسینێكدا ده‌ڵیت،
بزوتنەوەی تەقاوتەکان و باوکی دەوڵەمەندەکان
۱_  عومەر سەید عەلی_ پەرلەمانتاری تەقاوت.
۲_  عەدنان عوسمان_پەرلەمانتاری تەقاوت.
۳_ برزۆ مەجید_پەرلەمانتاری تەقاوت.
٤_ دەرباز محەمەد_وەزیری تەقاوت.
٥_  جەلال جەوهەر _وەزیری تەقاوت.
٦_  شەماڵ عەبدولوەفا_وەزیری تەقاوت.
۷_ جەمال حاجی محەمەد_ وەزیری تەقاوت.

ده‌شڵیت تەحەدا ئەکەم ناونیشانی تەقاوتیی یەکێک لەمانە هەڵەبێت،جا تۆ سەیر ئەم هەموو تەقاوتە! ئەمە خانەی ڕاپەڕاندنی حزبە یان نادی تەقاوتەکان؟.تا لەوەزیفەدا بوون خەریکی گیرفان پڕکردن و گۆڕینی ژیانی خۆیان بوون، ئێستاش بەکۆڵێک تەقاوتیەوە هاتون درۆی گۆڕینی ژیانی خەڵک دەکەن، ئەمەیە چیرۆکی تاڵ و بەرهەمی دواین پرۆژەی نەوشیروان مستەفا!.

هەڵگرتنی ناوی گۆڕان بۆ ئەم حزبەو بەم گیپاڵەوە


ئارام ئه‌حمه‌د ده‌شڵیت ،هەڵگرتنی ناوی گۆڕان بۆ ئەم حزبەو بەم گیپاڵەوە، کە بۆتە ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم گۆڕانکاری، ئیهانەیەکی گەورەیە بە خودی پرۆسەی گۆڕانکاری و هەموو چاوەڕوانییەکانی،ئەمانە هەر کارە بن، فڕیان بەسەر گۆڕینی ژیانی خەڵک و دونیای گۆڕانکارییەوە نییە، ئەسڵەن هیچ زەرورەتێک بۆ وجودی گۆڕان بەم فۆرم و ناسنامەو سیاسەتکردنەوە، نەماوە،بەڵێن بێت ئەگەر ناوی گۆڕانیان لەخۆیان کردوە منیش وازیان لێدەهێم، بەڵام تا بەناوی گۆڕانەوە خەریکی کەسابەت و گەوجاندنی خەڵک بن، ئەوە بەردەوام کوتەکەکەم لەئاودا دەبێت بۆیان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌،گۆڕانکاری شەڕو خولیای لەمێژینەی ئێمەیە، ئینجا یان کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا لەدەستی فڕاندین و ئیمپراتۆریەتێکی سیاسی و دارایی بۆ کوڕەکانی لەڕێی بەردەستەکانیەوە دامەزراند، یان ئەوەتا ئەم ساختەچیانەی جێنشینی، دەیانەوێت پێمابڵێن نەوشیروان مستەفا باوکی دەوڵەمەندەکان بووە نەک هەژارەکان و پیاوێکی دەسەڵاتخواز بووەو دەمی نەیگەیشتوێتێ بەوشێوەیەی کە خۆی ئەیەوێ، نەک کابرایەکی یاخی و عەدالەتخواز ، وەک ئەوەی بانگەشەی دەکرد...بفەرموون وەلام بدەنەوە!.

کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی کەسەکانی نین



عه‌زیز ڕه‌ئوفی نوسه‌ریش ده‌ڵیت ،کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی کەسەکانی نین، کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە نیە ڕێکخەرەکەی تا چەند دەتوانێ لەم دۆخەدا سیاسەتی بزوتنەوەکە داڕێژێ، بەڵکو کێشەی گۆڕان کێشەی نەبوونی دنیابینی و پەروەردەی سیاسی و پارادیمێکی نوێیە کە نیەتی. کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە لەناو هەمان مێنتاڵیتی و هەمان عەقڵیەت و جیهانبینی کۆی هێزەکانی تردا دەخولێتەوە.
گۆڕینی ڕێکخەر و خانە یەک هەنگاو ئەم بزوتنەوەیە ناباتە پێشەوە و هێنانی دەم و چاوی نوێ و گۆڕینی کارەکتەرەکانی ئەم خانەیە جگە لە کاتکوشتن زیاتر چیتر نیە. دەبوو پێش ئەوەی گۆڕان هەڵبژاردن بکا کێشەی فکر و خیتابی سیاسی و جورئەت لەسەر تەوریسی سیاسی و پەروەردە و مۆدێلی نوێ و لە پێش هەمووشیانەوە دەبوو کێشە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکات. کۆتا ستێپ دەبوو هەڵبژاردن بۆ ڕێخەر و خانە بکات.

کێشەی گۆڕان لەدوای 2014 دەستی پێ کرد


ئه‌و نوسه‌ره‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌ ،هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی عومەری سەید عەلی دەکرێ هیچ نیە جگە لە دوورکەوتنەوە لە ڕەخنە جدیەکان، ئەسڵەن کێشەی گۆڕان لەدوای 2014 دەستی پێ کرد کە بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوو و زۆرێک لە هاوڕێکانی بزوتنەوەکەیان جێ هێشتبوو و لە ماڵەوە بوون. لەیەکەم هەنگاوی بزوتنەوەکە بۆ بەشداری لە دەسەڵات و بەتاڵی لە فکر و نەبوونی ناسنامە و جیهانبینیەکی نوێ سەرەتای ئەو کێشانە بوو کە پێشتر و لەسەردەمی کاک نەوشیروان ئامادە بوو ئێستا دەرکەوتەکانی دەبینین،ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر گریمان کاک نەوشیروان لە ژیاندابوایە چی دەکرد؟ چ هەنگاوێکی دەنا بۆ باشترکردنی بزوتنەوەکە؟ ئایا خۆی هەڵدەبژاردەوە؟ یان کەسێکی تر هەڵدەبژێردرا؟ ئەی ئەو کەسە کێ دەبوو؟دروستکردن و دواتر گەڕان بەدوای فریادرەسدا هەر لەسەرەتاوە کێشەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، چونکە کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان کەسەکان نین بەڵکو کێشەی فکر و جیهانبینیە کە لە ئێستادا گۆڕان وەک هێزەکانی تر گیرۆدەی بووە.

مێینەیەک پەروەردە نەکراوه‌  بۆناو ئەم خانەیە


خۆی جورئەتێکی دەوێ خەڵک ئەوەندە ساویلکە ببینی ئەم ئاڵوگۆڕە بچوکە بە سەرکەوتن بۆ بزوتنەوەکە لەقەڵەم بدەی، لە کاتێکدا بەڕاستی لە یەک کردەوەدا ڕاستگۆ بوویت کە بۆت سەلماندین شتێک بەناوی ژن و ئازادی ژن لەم چوارچێوەیەدا بوونی نیە و گۆڕان بزوتنەوەیەکی نێرە لەو لەو نێوەندەدا مێینەیەکت پەروەردە نەکردبێت بۆناو ئەم خانەیە.


پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دوای هەڵبژاردن:


عومەر سەید عەلى – رێکخەرى گشتى
عەدنان عوسمان – سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى
جەلال جەوهەر - سکرتێرى کاروبارى فراکسیۆنەکان
دەرباز محەمەد - سکرتێرى کاروبارى ژورەکان
شەماڵ عەبدولوەفا - سکرتێرى کاروبارى باژێرەکان
برزۆ مەجید - سکرتێرى کاروبارى خەڵک
جەمال حاجى محەمەد - سەرۆکى جڤاتى گشتى
1531 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/15/2019 3:03:30 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ