دۆسیە
ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاوان له‌ دوای نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ بۆچی زۆر بوه‌ ؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان و باڵی ڕیفۆرمی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست بوو، لە هەڵبژاردنی 2009 بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنیان كرد و توانییان 25 كورسیی پەرلەمانی كوردستان بەدەست بهێنن.

 لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دەستەیەكی نوێی بەڕێوەبردن بۆ گۆڕان هاتە هەڵبژاردن و تائێستاش عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌و پۆل پۆلیش به‌رپرسانی بالأو هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌ستله‌ كارده‌كێشنه‌وه‌.
له‌م ڕاپۆرته‌دا  به‌شێك له‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كانیان ده‌خه‌ینه‌ ڕووكه‌ له‌ ئه‌دای بزووتنه‌وه‌كه‌ رازی نین.

یه‌كێك له‌هاوڕێ و نزیكه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فابوو ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌


به‌رپرسێكى باڵاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ، كه‌ یه‌كێكیش بووه‌ له‌هاوڕێ و نزیكانى نه‌وشیروان مسته‌فا عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش بوو  دەستی لەکار کێشاوەتەوە. 
عوسمانى حاجی مه‌حمود له‌پێشووتردا  نیگەرانی  خۆی لە ئەدای كاری خانەی ڕاپەڕاندن و پشتگوێخستنی پێشنیار و ڕاوبۆچوونەكانی ڕاگه‌یاند بوو،  وه‌نیگه‌رانى خۆشیى لەسەر ئەدای سیاسه‌تى  بزووتنەوەكە  و وه‌ شێوازی ئیدارەدانی میدیای فه‌رمیی گۆڕان و  چەند پرسێكی حزبیی نێوخۆیی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند بوو . 


یەكێك لەدامەزرێنەران و كەسە بڕیار بەدەستەكانی
 بزووتنەوەی گۆڕان بوو وازیهێناوه‌


قادری حاجی عەلی یەكێك لەدامەزرێنەران و كەسە بڕیار بەدەستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناو رایدەگەیەنێت" گۆڕان لەبری ئەوەی هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان ، بەبنەماڵە‌و بەخێزانبوونی سیستم‌و سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا، ئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر بەگۆڕانەوە دیارە و لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسیی گۆڕان نائومێدییەكی گەورەی دروستكردووە، لەبەر ئەوە من  وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیم و سەربە هیچ ئۆرگانێكی حزبی نیم".

ئەوەی ئاسایی نییە ڕێكخەرە گشتییەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لە دادگا داواكراو بێت

قادری حاجی عەلی رەخنە لەهەڵوێستی گۆڕان و پەرلەمانتارەكانیان دەگرێت و دەڵێت " نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت و بانگەشەی بەدامەزراوەییكردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوە و لە دەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروستبكەیت، ئەوە نائاساییە كە ئەزموونێكی زۆر تاڵ و تفتت لە كابینەی پێشوودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێت و بە ناشرینترین شێوە لە حكومەت و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتییان قبوڵ بكەیت، ئەوەی ئاسایی نییە ڕێكخەرە گشتییەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لە دادگا داواكراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دام و دەزگای ئەو حكومەتە".

ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردووە بۆئەوەی چەواشەی خەڵك بكات


 قادر حاجی عەلی  ڕاشیگه‌یاندبوو،گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرا و خەڵكێكی زۆریش قوربانیی بۆ دا چاككردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلە و پۆست و ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردووە بۆئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشتبكاتەوە، ببێتە زمانحاڵی زوڵم لێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوودەدات پشتكردنە لە دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵكی ئەم هەرێمە، لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان.
سەبارەت بە ناكۆكییەكانیش لەناو گۆڕاندا، قادری حاجی عەلی ئەوەی ئاشكراكردووە كە بە گشتی ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدان و دیاریكردنی سیاسەتی بزووتنەوەكە و ناڕوونی لە جۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا، كەموكوڕی لە دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەكەیە، وازنەهێنان لە تەكەتول و سەركردن بەیەكدا، سیاسەتكردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هەندێ كەسی بێ ئیرادە و ڕیاكار لە دەوری سەركردەكان.

داوایان لە عومەری سەید عەلی كردووە دەستبەرداری پۆستی رێكخەر بێت


هەر بەپێی زانیارییەکان، بۆ هێوربوونەوەی دۆخی ناوخۆی بزووتنەوەکە، زۆرینەی جڤات و خانەی راپەڕاندن داوایان لە عومەری سەید عەلی كردووە دەستبەرداری پۆستی رێكخەر بێت بۆ قادری حاجى عەلی، بەرلەوەی لێكترازان و جیابوونەوە روو بدات، بەڵام ڕێکخەری گشتی بە باشی زانیوە پڕۆسەی رادەستکردنی پۆستەکەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان بێت  بەڵام ئەو قسەیەی یوسف محەمەد دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بردووە و لای خۆشیانەوە محەمەد تۆفیق رەحیم، چاوی لەوە بووە ئەو لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا پۆستی رێکخەری گشتیی پێ بدرێت، بەوەی زاوای نەوشیروان مستەفایە و زیاتر دەتوانێ لەناو ماڵی نەوشیروان مستەفادا لەگەڵ کوڕەکانی، بزووتنەوەکە بەڕێوە بەرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەش، هەر یەکە لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود، مەرجیان ئەوەیە موڵکەکانی گۆڕان لە دەستی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بۆ گۆڕان بگەڕێتەوە، ئەوەش هێندەی دیکە کێشە ناوخۆییەکانی ئاڵۆز کردووە، کە ئێستا هەردووکیان بەهۆی ئەو نیگەرانییانەیانەوە لە ماڵەوە دانیشتوون و له‌مساڵدا جارێكی تریش عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به‌ڕێكخه‌ری گشتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

جێگری سكرتێر و 6 ئه‌ندامی جڤاتی گشتی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌


جێگری سكرتێر و 6 ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌هۆی ناڕه‌زایەتیان له‌ ئه‌دای بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌ ئه‌دای بزووتنه‌وه‌كه‌ رازی نین.
ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی جڤاتی گشتی گۆڕان كه‌ ده‌ستیان له‌ جڤاتی گشتی و ئه‌ندامێتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشاوه‌ته‌وه‌.
1- مامۆستا ساڵح ژاژڵه‌یی جێگری سه‌رۆكی جڤات.
2- پڕۆفیسۆر  د .عه‌لی تاھیر.
3- دكتۆر شه‌ریف قادر.
4- دكتۆر. سابیر ئیسماعیل.
5- حه‌یده‌ر حه‌سه‌ن شوان.
6- ئاوات به‌ھادین محه‌مه‌د.
7- عادل كاكه‌یی.

هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی دیاری نه‌كردوه‌


هه‌روه‌ها سه‌لیم ره‌شید ساڵح، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤاتی گشتی هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی دیاری نه‌كردوه‌.له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆرانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ ره‌وانشاد (نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌) كردو دلسۆزانه‌ كارم تێدا كردوه‌ و به‌هۆى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌وه‌ زۆرم زیان لێكه‌وت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌لیم ره‌شید ئومێدی خواستوه‌ كه‌‌ هاورێكانیتری كه‌ به‌رده‌وامن ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌‌ بیگه‌یه‌ننه‌ دوا ئامانجى خۆیان،ئه‌و كه‌ مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه‌ په‌یوه‌ندی به‌هیچ لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ نه‌كردوه‌ و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی بێلایه‌نانه‌ داده‌نیشێت و كاری مامۆستایه‌تی خۆی ده‌كات.

بەهۆی باڵباڵێن و خزم خزمێنەی ناو گۆڕان وازیهێناوه‌


هه‌روه‌ها ژنە بەرپرسێكی گۆڕان لە پارێزگای هەڵەبجە، دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، بەهۆی باڵباڵێن و خزم خزمێنەی ناو گۆڕان، چیا ڕەشید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی مەكۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بە یەكجاریش وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە.
 كەسێكی نزیكی ئەو بەرپرسه‌ی گۆڕان دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو بەرپرسەی گۆڕان نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی بزووتنەوەكە كردووە و مەكۆی هەڵەبجە و گردەكە ڕەزامەندییان لەسەر وازهێنانی داوە، بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی ڕژد و گلەیی زۆری لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی حزبەكە و قووڵبوونەوەی باڵباڵێن لەناو گۆڕان هەیە.

لە ماوەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی نامەیەكی قادری حاجی عەلی یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان كە تێیدا ڕەخنەی توند لە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن دەگرێ، بە سەرەتای قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانی ناو گۆڕان باسی لێوە كرا، پێشتریش بەهۆی باڵباڵینەوە چەندان كادری میدیایی ئەو حزبە دەستیان لەكار كێشایەوە و چەند بەرپرسی تریش لە حزبەكە چوونە دەرەوە.
ده‌یان به‌رپرس و هه‌ڵسواڕاوو كادیرو كارمه‌ندی نێو بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌ستیان له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌و به‌شی هه‌ره‌زۆریان له‌ نێو ڕیزه‌كانی  ی ن ك  دا درێژه‌ به‌خه‌بات ده‌ده‌ن و په‌شیمانن له‌وه‌ی له‌نێو گۆراندا كاریان كردوه‌.
977 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/8/2019 2:26:52 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ