هەواڵ
دیارده‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ له‌ناوشاردا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز

له‌ هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى ناو شارى سلێمانى دیارده‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵى ماڵى هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك به‌ كۆڵان و سه‌رشه‌قامه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى هاوڵاتییان و شۆفێران،لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارى شاره‌وانى سلێمانیش ده‌ڵێت:سزاى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ده‌ده‌ین .

نزار كه‌مال لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارى له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى تایبه‌ت بۆ ئاڕاسته‌ ڕایگه‌یاند:ئێمه‌ رێنمایی تایبه‌تمان به‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاژه‌ڵێكى بچوك له‌و شوێنه‌ رێگه‌پێنه‌دراوانه‌ بگیرێن بڕى 200 هه‌زار و هه‌ر ئاژه‌ڵێكى گه‌وره‌ش بڕى 400 بۆ 600 هه‌زار دینار سزاى خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌كه‌ین.

وتیشى:رۆژانه‌ چاودێرمان له‌ ناو شاردا هه‌یه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى هڵۆبه‌ و شێخ عه‌باس و ڕاپه‌رین و به‌كره‌ جۆ كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ى تێدا زیاد بووه‌ و كاتێك چاودێركه‌مان ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ببینێت ده‌ست به‌جێ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ ده‌كات و به‌ ئۆتۆمبیلى تایبه‌تى خۆمان ده‌هێنینه‌وه‌ بۆ شوێنى تایبه‌ت به‌ به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ تاكو خاوه‌نه‌كه‌ى دێت و سزاى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌،هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا 24 سه‌ر ئاژه‌ڵمان گرتووه‌ و له‌ داهاتویشدا پۆسته‌ر له‌و شوێنانه‌ ده‌ده‌نێین و ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئاژه‌ڵدارى له‌و شوێنانه‌ رێگه‌ پێدراو نییه‌.

نزار كه‌مال ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد:هه‌ندێك جار كه‌سێك ئاژه‌ڵ به‌ شێوه‌ى ڕێبوار به‌ گه‌ره‌كێكدا ده‌بات تاكو ئێمه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئه‌و له‌وێ نه‌ماوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت بنبڕكردنى.

له‌باره‌ى لابردنى گه‌وڕى ئاژه‌ڵه‌كانیشه‌وه‌ باسى له‌وه‌ كرد:به‌ نوسراوى فه‌رمى به‌شى زیاده‌ڕه‌وى شاره‌وانیمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لایبده‌ن و تاكو ئێستاش چه‌ند گه‌وڕێكى ئاژه‌ڵ لابراون.
161 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/9/2019 2:42:33 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ