هەواڵ
نامەیەک ئاڕاستەی مەزڵومی کوردان کرا
 ئاڕاستە




دەزانم باش بوون لەم ساتەدا بۆ تۆ، لە درۆی شیرینی ئەو شەڕڤانە دەچێت، کە پێی کەوتووە بە سەر مینێکداو،  لەو کاتەدا لە وەڵامی زەنگی هاوسەرەکەیدا دەڵێ: من باشم ئازیزم، باشم ! 

لە دوێنێوە تێڕامانی وێنەکانت سڕیان کردووم. لە چاوەکانتدا خەمێکم لێوە دیارە، هێندەی خەمی سێدارەکەی قازی تەنیایی نیشتمانی تێدا دەبینم. 
وای چ ئازارێکی مەزنە، لەو خەونەی نیشتمان خەریکە دەیبینێت بە ئازادیەوە، بە دەنگی تۆپ بێداری بکەنەوە. سەختە . 
ژەنەڕاڵی ئازیز، مەزڵومی کوردان. 
پێویست نیە تۆ خۆتمان پێ بناسێنیت، هەر ناوەکەت بەسە تا بزانین کە تۆ کێیت؟ تۆ گاد فازەری ئێمەیت. مرۆڤێکیت؛ خۆڕاگریت لە کێوەکان دزیوە. کەرامەتت لە باڵی هەڵۆکان دەرهێناوە. بەڵام چی دەڵێیت کە ئەم سەر زەمینە پڕ بووە لە قەلەڕەشی خوێڕی. هەر کە زانیان بە پێوەیت، دێن لە کاسەی سەرت دەخۆن. کاتێ دەفڕیت  پەلاماری بێچوەکانت دەدەن.
هاوڕێم مەزڵوم ، 
ئێمە گەلێکین مرۆڤایەتی نامانناسێت، خودا هەر بۆ ئەوە دروستی کردوین گوزارشت لە تەنیایی ئەو بکەین. بۆیە نە کەس دەمانبینێت، نە کەسیش باوەڕی بە بونمان هەیە. 
ئیتر گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئازادی ئێمە، بە لولەی تفەنگەکان نایەتە بوون. بەو هەموو خوێنەی دەیڕێژین، تەنها ڕەنگی سروشت دەگۆڕین. هەر بۆیە بەهار لە نیشتمانەکەی ئێمەدا هەمیشە جوانترینە. 
شەڕڤانێک بۆی گێڕامەوە، گوتی: 
لە گەرمەی شەڕدا هاوسەرەکەم هەواڵی پێدام، خودا کوڕێکی پێ بەخشیوین، چی ناو بنێم ؟ 
گوتم : ئازادی ... تا گەڕامەوە هەردوکیان شەهید کرابوون. 
ئاوایە هاوڕێ، ئازادی لە نیشتمانەکەی ئێمەدا هەرگیز گەورە نابێت. 
لە ماوەی سی ساڵی تەمەنمدا، ئەمڕۆ زانیم " ناچاری" واتای چیە. دەزانیت هەندێک بڕیار هەن، تا جارێک دەیدەیت ئەو سەد جار دەتکوژێت. لە قوڵی ئازارەکەت تێدەگەم پیاو، بەڵام ناچارین هەموان بیچێژین. ئەمەی تۆیش کردت هەرگیز فرۆشتن نیە، هەرگیز. بەڵکو ڕێگری بوو لە سڕینەوەی نەژادی نەتەوەیەك. سوپاس جەنگاوەر، سوپاس. 

پەشێو حەمەد ئەمین
4928 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/15/2019 1:37:53 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ