هەواڵ
په‌رله‌مانى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخى رۆژئاوا هه‌ڵوێستى ڕاگه‌یاند
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز
ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ -۱۰- ۲۰۱۹ پەڕلەمانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ڕۆژئاوای کوردستان  كۆبووه‌وه‌ و هەڵوێستی خۆی و هەڵمەتێکی نیشتیمانی بۆ هاوکاری ڕۆژئاوا ڕاگەیاند..
ڕێواز فایەق سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان پەیامێکى بەناوی پەڕلەمانی کوردستان خوێندەوە كه‌ به‌ ده‌نگى ۹٦  ئه‌ندامى په‌رله‌مان له‌ ۹۷  ئه‌ندام په‌سه‌ند كرا.
 له‌ په‌یامه‌كه‌دا په‌راه‌مانى كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵوێستى خۆى ڕاگه‌یاند:
 
۱.پەڕلەمانی کوردستان دژە شەڕە و داوا دەکەین هەرچی شەڕو ململانێی سەربازی کۆتایی پێبهێنرێت و لەبری ئەوە پشتیوانی بژاردەی چارەسەری ئاشتیانەین و دەخوازین لەڕێگەی دیالۆگەوە کۆتایی بەناکۆکیەکان بهێنرێت.
۲.وێرای بەتوندی ئیدانەکردنی هێرش و لەشکرکێشی و بەئامانجگرتن و پەلاماری سەر هاوڵاتیان، داوا دەکەین سەرو ماڵی هاوڵاتیان و دامەزراوە مەدەنیەکان پارێزراو بێت.
۳.پەڕلەمانی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەرمەبنای ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان دەکات هەوڵ و تواناکان چڕتر بکەنەوە و گوشارە دیبلۆماسی و سیاسیانیان زیاتر بکەن بۆکۆتایی هێنان بەم شەڕو لەشکرکێشەی کەلەڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
٤.حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێرین تاوەکو لەچوارچێوەی تواناکانی ، بەهاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئاماووەسازی تەواو بکات بۆ پێشوازی و بەدەمەوەچوونی ئەو پەنابەرانەی کەبەهۆی شەڕ و ململانێکانی ئێستای ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لەهەرێمی کوردستان دەکەن.
٥.داوا لەسەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەین، وێڕای چڕترکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماسیەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاری زیاتر بکات بۆ یەکخستنی هەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بەئاڕاستەی پشتیوانی کردن لەبژاردەی ئاشتیانە.
٦.داوا لەحکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکەین، هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت بەدابین کردنی بەشێک لەبوودجەی فریاکەوتن بۆ فریاکەوتن و حەوانەوەی ئاوارەکان، چونکە هاوکاری کردن و بەدەمەوەچوونی پەنابەرانی نوێ و ئاوارە و پەنابەرانی ناو کەمپەکان بارگرانیەکی دارایی زۆر دەخاتە ئەستۆی هەرێمەکەمان، کە لەتوانای ئێمە زیاترە.
۷.داوا لەکونسوڵخانە ونوێنەرایەتی دیبلۆماسی وڵاتان دەکەین کەلەهەرێمی کوردستانن، حکومەتی وڵاتەکانیان لەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان بەوردەکاری ڕووداوەکان و لێکوتە نێوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانیەکانی ئاگاداربکەنەوە و هەوڵ و فشار و توانا دیبلۆماسیەکانیان بۆڕاگرتنی شەڕ و ململانێی سەربازی و ماڵوێرانی خەڵکی سڤیل و ئاوارەنەبوونیان زیاتر بکەن و ، هەموو لایەنە ناکۆکاکان بۆ کفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە هان بدەن، هاوکات داوایان لێ دەکەین کە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارە و پەنابەران.
٨.پەڕلەمانی کوردستان هەڵمەتێکی نیشتیمانی بۆکۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارە و لێقەوماوانی ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنێت و لەڕوانگەی ئەرک و نەریتی کوردستانیانەمانەوە، داوخوازیمان ئەوەیە خەڵکی کوردستان وەک نەریتی مرۆڤ دۆستانەی کوردستانیانە ئەوەی لەتوانای داهەیە بەدامەزراوە حکومی و ناحکومیەکانەوە بەدەم ئاوارە و پەنابارانەرانەوە بچن و پەڕلەمانتارانیش بەشدار دەبن لەم هەڵمەتە.
۹.پەڕلەمانی کوردستان نیگەرانیەکی قوڵی هەیە لەوەی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و کاری هێزە چەکدارە تووندڕەوەکان بەجۆرێک بن کە دۆخی نەحوازراوی عەفرین و ناوچەکان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و کارە دژە مرۆڤایەتیەکانیان و بەتاڵان بردنی سروماڵس هاوڵاتیان وگۆڕینی دیمۆگرافیا لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دوبارە بکەنەوە، پێویستە هەموو هەوڵەکان بەم ئاڕاستەیە بن کە ڕێ لەم هێزە چەکدارانە بگیرێت تادۆخی سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆبانێ و ناوچەکانی تر وەک عەفرین لێ نەکەن.
۱۰.گەلی کورد و گەلانی سوریا مافێکی سروشتی و یاسایی و دیموکراسیانەی خۆیانە لەچوارچێوەی هەوڵە دیبلۆماسیەکانی چارەسەری دۆخی سوریا بەئاڕاستەی جێف و ئاستانە بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا لەهەر ڕێککەوتنێک لەدوای دۆخی شەر لەسوریا مافی نەتەوەیی و هاوڵاتی بوون ویەکسانی و دادپەروەری لەئەرک و مافیان لەدەستوری نوێی سوریا و شێوەی حوکمڕانی لەسوریا بچەسپێت.
۱۱.پەڕلەمانی کوردستان داوا لەسەرجەم هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژئاوا دەکات، ململانێی تەسکی حزبی وئایدۆلۆژی بەلاوەبنێن و قۆناغێکی نوێی کاری پێکەوەیی و خەباتی یەک بەرەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەڕۆژئاوای کوردستان دەست پێبکەن و لەسەر بنەمای ئاشتی و دیالۆگ و پێکەوەژیان و دژی تیرۆر خەبات بکەن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە.
۱۲.پەڕلەمانی کوردستان سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەو ڕاستیە ڕادەکێشێت کەڕووداوەکانی ئەو دوواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی هێزەکانی هاۆپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو لەشکرکێشی و ناسەقامگیریەی لەچەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئارا، هەموو دەستکەوتەکانی شەڕی تیرۆر و تێکشکانی داعش لەبار دەبات و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و داعش زیاتر دەکات ، بەمەش جارێکی تر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمایەتی و جیهانی دەخاتە مەترسی.
288 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/15/2019 2:52:42 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ