هەواڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا: کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى (٢٥%) کەمکرایەوە
 ئاڕاستە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنى بارو گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و لەبەر رۆشنایى کارنامەو پلانى حکومەت و وەزارەتەکەمان، بۆ ساڵى خوێندنى (‪٢٠١٩-٢٠٢٠‬) لە سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان (ئەهلی) کرێى خوێندن بەڕێژەى (٢٥%) کەمدەکرێتەوە.
ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (‪١٥/١٠/٢٠١٩‬) لەمیانى کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان و خستنەڕوى بەرنامەو پلانى نوێى وەزارەت بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (‪٢٠١٩-٢٠٢٠‬)، ئەرک و رۆڵى هەریەک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى بەرزنرخاندو سوپاسى هەڵوێستى زانکۆکانى کرد بۆ پێشوازیکردن لە بڕیارى حکومەت و وەزارەت بەمەبەستى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن.
گرنگى زیاتر بە کوالێتى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان دەدەین
لە کۆبونەوەکەى لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کواڵێتى خوێندن و ئاستى زانستیان باشەو جێگەى ڕەزامەندى وەزارەتەکەمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوەیە گرنگى زیاتریان پێبدرێت، هیوادارین زانکۆکانى تریش ئەم ئەزمونى پێشکەوتن و بەرزکردنەوەى کوالێتى بەهەند وەربگرن و ژینگەیەکى لەبارو گونجاو بۆ فێرخوازانى هەرێمەکەمان بڕەخسێنین، بۆ ئەمەش هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتى بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دوپاتکردەوە. وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاشیگەیاند: لەکاتێکدا ئێوە دەتوانن لە بوارى دیکەى بازرگانى وەبەرهێنان بکەن، بەڵام هاتون بۆ پەرەپێدانى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى وڵاتەکەمان خزمەت بکەن، ئەم ئەرکەتان لەلای وەزارەتەکەمان جێگەى ستایش و دەستخۆشییە.
پێداوچونەوە بەکرێى خوێندنى زانکۆ تایبەتەکان کرا
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە چوارچێوەى هێڵە گشتییەکانى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پلانى وەزارەتەکەمان پێداچونەوە بە کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان لە ئەولەویاتى کارەکانمان بون، بۆ ئەمەش لە خوێندنى حکومى (پارالێل + ئێواران) کرێى خوێندن لە (٤٥%) کەمکرایەوە، لەدواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاش، کە ئەنجومەنەکە باڵاترین دەسەڵاتى بڕیاردرانە، بڕیاردرا کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى (٢٥%) کەمبکرێتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا وەک وەزارەت هاوکارو هەماهەنگتان دەبین و درێغى ناکەین بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانکۆکانتان، سوپاس و دەستخۆشیتان ئاراستەدەکەین و هەوڵ و دڵسۆزیتان بۆ هەرێمەکەمان بەرزدەنرخێنین.
هەروەک وتیشى: سوپاسى ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانە دەکەین کە لەلایەن خۆیانەوە کرێى خوێندنیان بەڕێژەیەک کەمکردۆتەوەو ڕەچاوى بارو گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانیان کردوە کە ئەمەش لاى ئێمە جێگەى دەستخۆشیە. بۆیە ئەرکى ئێمەو ئێوە بەیەکەوە ئەرکێکى هاوبەش و هەماهەنگ دەبێت بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانتان.
سەرۆک و نوێرنەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆیان لەبارەى بڕیارەکە کرد
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕاو بۆچون و پێشنیازى خۆیان بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆکانیان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خستەڕو.

‎بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت
498 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/15/2019 3:14:36 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ