هەواڵ
روونکردنەوەیەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە لەسەر دابەشکردنی موچە
 ئاڕاستە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی قورسی تەندروستی و ئابوری کرد و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیاندا هەموو توانەکانی لە پێناو رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە خستۆتەگەڕ وهاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان ودابین کردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکەنیدایە. 


سەبارەت بە دابەشکردنی موچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

 

سەرجەمی موچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٥١٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.


حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان. سوپاسی هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تاکو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمرۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.



د. جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٦ ئاداری ٢٠٢٠
229 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/26/2020 3:45:43 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ