هەواڵ
بێگەرد تاڵەبانی: ئەو كەسەی تۆێكڵی دارەكانی لێكردۆتەوە رووبەڕووی یاسایی دەكەینەوە
 ئاڕاستە



لەشوێنی لێكردنەوەی تۆێكڵی پێنج دار سنەوبەر لە دارستانی گوڵان لە پارێزگای هەڵەبجە، 75 دار چێنران و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش دەڵێت، ئەو كەسەی تۆێكڵی دارەكانی لێكردۆتەوە شەش مانگ دەستبەسەر دەكرێت و پێنج ملیۆن دیناریش سزای ماددی دەدرێت.


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت، دوای ئەوەی لە دارستانی گوڵان لە پارێزگای هەڵەبجە پێنج دار سنەوبەر توێكڵیان لێكرایەوە بۆ ئەوەی وشك بن، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستان و پاوان و پۆلیسی دارستان هەوڵی دۆزینەوەی بكەری ئەو كارە دژ بەسروشت و نامرۆڤایەتیەماندا.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكردوە، تاوەكو ئێستا بكەری ئەم كارە نەدۆزراونەتەوە و لە هەوڵ بەردەوامین بۆ دۆزینەوە و بە سزاگەیاندنی.
بێگەرد تاڵەبانی، باسی جۆری سزاكەی كردووە كە بەپێی ماددەی 22لەیاسایی دارستان ژمارە 10 ی ساڵی 2012، سزاكەی بریتیە لە بەندكردن بۆماوەیەك كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت، هەروەها سزادانی ماددیش كەمتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سوپاسی پارێزگاری هەڵەبجە، جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە، پۆلیسی دارستان، كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، رێكخراوی هەڵوێست، گروپی دۆستانی ژینگە و كۆمەڵێ گەنجی خۆبەخش كە ئەمڕۆ هەینی 2020/4/3 لە دارستانی گوڵان حەفتاو پێنج داریان لەو شوێنەدا چاند.

جێگەی باسە دوێنی پێنج شەممە2020/4/2، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئاگاداركرایەوە كە لە دارستانی گوڵان پێنج دار سنەوبەر توێكڵیان لێكراوەتەوە، لەسەر راسپاردەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لایەنە پەیوەندارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە و بەسزا گەیاندنیان.

341 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/3/2020 6:59:48 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ