هەواڵ
قوباد تاڵه‌بانی لەگەڵ فەرمانگەكانی سلێمانی تاوتوێی رەوشی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای كرد
 ئاڕاستە

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ستایشی كۆشش و ماندوبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و قایمقامیەت و شارەوانی سلێمانی كرد لەهەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو پێكەوە تاوتوێی رەوشی پارێزگاكەیان كرد و كۆمپانیای پایۆنیری دەرمانیشی بەسەر كردەوە. 
لەزنجیرەیەك بەسەركردنەوەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ 4 نیسانی 2020، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و كۆمپانیای پایۆنیری بەرهەمهێنانی دەرمان و قایمقامیەت و شارەوانی سلێمانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم فەرمانگانە رەوشی خۆ پارێزی و دوا پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێی تاوتوێ كرد. 
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ د . سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوبه‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و به‌رپرسانی دیکه‌ی كەرتی ته‌ندروستی، قوباد تاڵه‌بانی ستایشی هه‌وڵ و ماندوبوونی پزیشکان و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی کرد که‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا زۆر بە لەخۆ بردوویی‌ تێکۆشاون لەپێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و رایگه‌یاند گه‌لی کوردستان ماندووبوون و تێکۆشانی پێشمه‌رگانەی پزیشکان و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌رگیز له‌بیر ناکات كە لەهیڵی یەكەمی بەرگرین لەڤایرۆسی كۆرۆنا.
هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌ندروستی سلێمانی دڵنیا کرده‌وه‌ له‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم درێغی ناکات له‌ دابینکردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بەپێی توانا و داواشی لێکردن تا زاڵبوونی ته‌واو به‌سه‌ر په‌تای کۆرۆنادا به‌هه‌مان گیانی ئێستاوە‌ به‌رده‌وامبن. 
له‌ دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی کارگه‌ی ده‌رمانسازی پایۆنیری کرد که‌ وه‌ک یه‌که‌م کارگه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقدا پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانه‌کانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئه‌زیسرۆما‌یسنی ده‌ستپێکردووه‌ که‌ لەئێستادا وه‌ک یەكێك لە چاره‌سه‌رەكان بۆ تووشبووانی کۆرۆنای نوێ به‌کارده‌هێنرێت.
جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی کارگه‌که‌ ستایشی ئاستی تواناکانی کارگه‌ی پایۆنیری کرد له‌ له‌کاتی گونجاودا توانیان یارمه‌تی که‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێم و عێراق بده‌ن و پشتگیری حکومه‌تی هه‌رێمیشی بۆ دووپات کردنه‌وه‌ و هیوای خواست کارگه‌ی پایۆنیر به‌رده‌وام بێت له‌ پێشخستنی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان له‌ کوردستان.
لەبەسەركردنەوەی شارەوانی سلێمانیشدا قوباد تاڵەبانی كار و هەوڵەكانی شارەوانی بەرز نرخاند كە سەرباری كەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ ئەوان هەر لەپاك راگرتنی شاری سلێمانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەردەوامن. 
لەدوا وێستگەی بەسەركردنەوەكانیشیدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قایمقامی سلێمانی و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن كۆبوویەوە و وێڕای ستایشی زۆری هەوڵ و ماندوبوونەكانیان داوای لێكردن بەردەوامبن لەبەجێهێنانی ئەو ئەركانەی پێویستن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، لەلای خۆشییەوە قایمقامی سلێمانی پێزانینی خۆی بۆ هەواڵ پرسینی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و دڵنیای كردەوە بەردەوام دەبن لەپاراستنی گیانی هاوڵاتیان و خزمەتكردنی خەڵكی شاری سلێمانی لەهەموو بارودۆخەكان.

109 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/4/2020 6:20:16 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ