هەواڵ
کۆسرەت ڕەسوڵ بەدڵێکی پڕ برینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
 ئاڕاستە

‎پەیامی كۆسرەت ڕەسول لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدو كۆمەڵكوژی ئێزیدیان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

‎ئەمڕۆ، بەوپەڕی خەمباری و نیگەرانیەوە، بە دڵێكی پڕ لە برین و زامەوە، شەشەم ساڵیادی جینۆسایدكردن و كۆمەڵكوژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دەكەینەوە، كە لەلایەن تیرۆرستان و تاریكپەرستانی داعش بە دڕندانەترین شێوە ئەنجامدراو بە هەزاران لە ژن و منداڵ، پیرو پەككەوتەو گەنج كۆمەڵكوژ كران و بەشێكیان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
‎ئەوێ ڕۆژێ، لە ٣ی ئاب، لە كاتێكدا تیرۆریستانی داعش بەشێكی زۆری ناوچەكانی عێراقیان داگیر كردبوو، لە كارێكی دڕندانەو نامرۆڤانەدا فەرمانیان بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان داو سەرباری داگیركردنی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری، لە پڕۆسەیەكی دڕندانەی تیرۆریستان، بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ بنەمایەكی سەرەتایی مافی مرۆڤ، خەڵكی ناوچەكەیان جینۆساید كردو دڕندانەترین شێوازەكانی كوشتن و قەتڵوعام و تەنانەت كڕین و فرۆشتنیان پێ كردن، بەداخەوە تا ئەمڕۆش ژمارەیەكی زۆر لە خوشك و براكانمان چارەنووسیان نادیارەو لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیانین، كە ئەم تاوانەش درێژكراوەی سەرجەم تاوانەكانی ترە كە بەدرێژایی مێژوو بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجام دراوە.
‎دوای شەش ساڵ لەم تاوانە قێزەونە، سەرباری ئیدانەكردنی ئەم تاوانە دڕندانەیە، داواكارم هەوڵەكانمان بخەینەگەڕ بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە دڕندانەیە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و  سزادانی بكەرانی ئەم تاوان و كۆمەڵكوژییە و گرەنتی زامنكردنی ژیانی ئێزیدییەكان و سەرجەم كوردستانیان بكرێ، كە جارێكی تر ڕووبەڕووی تاوانی لەم جۆرە نەبنەوە، هەوڵی جدیش بدەین بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەم تاوانە، ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەناوچەكە ئەركی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەو سادەترین مافی خوشك و برا ئێزیدییەكانمانە، بە گرنگیشی دەزانم ئەوە بیر خۆمان بێنینەوە، كە پێویستە یەكگرتوو بین و هەموومان پێكەوە خەبات بكەین بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان و هاونیشتمانیانمان، هەر كاتێك یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین دەتوانین دەستكەوتی باش بەدەست بێنین.
‎لە كۆتاییدا، ڕاشكاوانە دەڵێم ناكرێ شەنگال و خوشك برا ئێزیدییە بریندارەكانمان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكەین و ململانێكان ڕێگر بن لەبەردەم خزمەتكردنیان و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتر بۆ ناوچەكە.


‎كۆسرەت ڕەسول عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
618 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/3/2020 3:19:39 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ