ئابوری
دابه‌ش كردنی‌ مووچه‌ ده‌ست پێده‌كات
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون
بڕیاره‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگی ئه‌یلول له‌ عێراق ده‌ستپێبكات و خشته‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ئاراسته‌ كه‌وتووه‌ ، حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق دوای كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ بانكی ناوه‌ندی، بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ (5-10-2020) دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت بۆ مانگی ئه‌یلول ده‌ستپێبكات.

هاوكات له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی موچه‌ی‌  عێراق تا  تاكۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ 320 ملیاره‌كه‌ی به‌غداش ده‌گاته‌ ده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم كه‌ بۆ ته‌واوكردنی موچه‌ به‌ لێبڕینی 21% پێویستی به‌ ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆ بتوانێت موچه‌ی مانگێكی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكات.

هه‌ربه‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، له‌سه‌ره‌تادا به‌پێی ئه‌وداهاته‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ ده‌ستده‌كرێت به‌دابه‌شكردنی موچه‌ و پاشان له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی 320 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا كه‌وابڕیاره‌ تاكۆتای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بگات، دابه‌شكردنی موچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ش ئه‌مڕۆ  ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، دواكه‌وتنی مووچه‌ی عێراق به‌هۆی كورتهێنانه‌وه‌ بووه‌ و ئێستا چاره‌سه‌ركراوه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كرێت و "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ 320 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌نێردرێت."

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵال، وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، حكومه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی هه‌موو كێشه‌ ئابووری و ته‌ندروستیه‌كانی وڵات، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینیان.
2004 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/3/2020 10:04:02 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ