هەواڵ
دكتۆرێك له‌سلێمانی‌ ڕاستی‌ ژماره‌ی‌ گیان له‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا ئاشكراده‌كات
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون
ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت كه‌ ڕێژه‌ی مردن له‌شاری سلێمانی 5% و له‌ شاره‌كانی تر 3% په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سلێمانی هه‌موو نه‌خۆشێك كه‌ نیشانه‌ی كۆرۆنای هه‌بێت و بمرێت له‌سه‌ر كۆرۆنا هه‌ژمار ده‌كرێت .

د.داهات حه‌وێزی، پزیشكی پسپۆری هه‌ناوی و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا  له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی زیادبونی گیانله‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا له‌ سلێمانی نوسیویه‌تی، "زۆر هۆكار هه‌ن بۆ زیادبونی رێژه‌ی مردنی كۆرۆنا له‌كاتی ئێستادا له‌ شاری سلێمانی، به‌شێك له‌و هۆكارانه‌، ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت كه‌ ڕێژه‌ی مردن له‌شاری سلێمانی 5% و له‌ شاره‌كانی تر 3% په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سلێمانی هه‌موو نه‌خۆشێك كه‌ نیشانه‌ی كۆرۆنای هه‌بێت و بمرێت له‌سه‌ر كۆرۆنا هه‌ژمار ده‌كرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌حسی لوته‌كه‌ (nasal swab PCR)ی نه‌كردبێت یان نێگه‌تیڤ بێت".

ڕوونیشی‌ كرده‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی كۆچی دوایی ده‌كه‌ن هی شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیشن، هاوڵاتیان زۆر ساردبونه‌ته‌وه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ به‌ستنی ماسك ئه‌وه‌ش رێژه‌ی توشبون و ڕێژه‌ی مردن زیادده‌كات.

د.داهات حه‌وێزی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "زۆرێك له‌ خه‌ڵكی تا كاتێكی دره‌نگ دوای نه‌خۆش كه‌وتنیان سه‌ردانی پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كان ناكه‌ن به‌و حسابه‌ی كه‌ 14 ڕۆژ ته‌واوكه‌ن ڤایرۆسه‌كه‌ خۆی نامێنێت، ئه‌وه‌ش راست نیه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌قورسی بگرێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌توندی و كۆكه‌ی زۆر و دابه‌زینی ئۆكسجینی له‌شی له‌گه‌ڵا بێت پێویسته‌ زو چاره‌سه‌ری ده‌رمان و پلازما وه‌رگرێت پێش ئه‌وه‌ی كار له‌كاربترازێت، نه‌خۆشی وا هه‌یه‌ دوو مانگ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌خۆشی واش هه‌یه‌ له‌ دوانزه‌مین ڕۆژدا حاڵی خراپ بووه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌ قورسی نه‌خۆشیه‌كه‌یان گرتوه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانیش به‌و قورسیه‌ توشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بن ئه‌ویش به‌هۆی جۆری ڤایرۆسه‌كه‌ و خه‌ستی ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌ ده‌چێته‌ له‌شیانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ زووپشكنینی خوێن و ئه‌شیعه‌ بگرن بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری گونجاو.

د.داهات باسی‌ له‌وه‌شكرد زۆربه‌ی رۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومیه‌كان شوێنی داخڵكردنی نه‌خۆش و بێدی چاودێری ورد نه‌ماوه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ولا نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌كانیش ناچار بكرێن نه‌خۆشی كۆرۆنا وه‌رگرن.

رونیشیكرده‌وه‌، كه‌سانی گه‌نج كه‌ توشی كۆرۆنا ئه‌بن كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن له‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر و خۆیان ئیهمال ئه‌كه‌ن به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆرۆنا ته‌نها به‌ كه‌سانی پیر ده‌وێرێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ گه‌نج و پیر ناناسێت، "ئه‌گه‌ر پابه‌ندبین پشت به‌خوا ڕێژه‌ی توشبون و مردن كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ڕۆژه‌ ئاساییه‌كان".
1141 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/10/2020 10:02:04 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ