هەواڵ
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
 ئاڕاسته‌:به‌شى هه‌واڵ

لەبارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی  ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان لە ڕاگەیەنراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی رایگەیاند "  پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت".

دەقی راگەیەنراوەكە:

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی ھەرێم لەبارەی پەسەندكردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیركراوانی بادینان. پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمییە جۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. هەروەها پێشوازی لە هەر پارت و لایەنێكی سیاسی دەكات كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی یەكێتی بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەلەكەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەمان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت. 

ـ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
123 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/7/2021 3:16:22 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ