هەواڵ
ئاسیاسێڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گلۆمۆ (GLOMO) دەپاڵێورێت
 ئاڕاستە
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق هەنگاوێکی مەزن دەنێت بەرەو دانپێدانانی نێودەوڵەتی لە دیداری جیهانی مۆبایل “MWC” لە بەرشەلۆنە، ئەویش لەڕێی پاڵێورانی ئاسیاسێڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گلۆمۆ (GLOMO).

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، " کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، دوای کردنەوەی یەکەمین سەنتەری پزیشکی بۆ پێدانی چارەسەر و ڕاوێژی پزیشکی لە دوورەوە بۆ ئاوارەکانی ئەو ناوچانەی شەڕیان لەگەڵ تیرۆر تێدایە لە عێراق، کاندیدکرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی گلۆمۆ GLOMO بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە خەڵاتێکی پایەبەرزی بواری پەیوەندییەکانە. وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەستەبژێرە ئاسیاسێڵ دەکاتە یەکێك لە کۆمپانیا هەرە بەهێزەکان لە جیهانی پەیوەندی و تەکنۆلۆجیادا".

هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو، "هەڵبژاردنی ئاسیاسێڵ بۆ ئەم خەڵاتە تەنها دوای چەند مانگێك دێت لە خستنەکاری نەوەی چوارەمی ئینتەرنێت “4G LTE”، ئەویش دوای جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە تازەگەرییەکەی لە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری پزیشکی دیجیتاڵی بەردەڕەش کە ئاسیاسێڵ دایمەزراندووە، وەکو دەستپێشخەرییەکی نوێ لە دەوروبەری پارێزگای دهۆك، بێبەرامبەر هەڵدەسێت بە دابینکردنی چارەسەر و فریاکەوتنی پزیشکی و پێدانی ڕاوێژی پزیشکی لە دوورەوە لەگەڵ یارمەتی مرۆیی بۆ ئەوانەی ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە بە هۆی هەڵایسانی توندوتیژی لە هەندێك لە شار و شارۆچکەکانی عێراق. ئەم سەنتەرە کەلوپەلی زانستی و پزیشکی ئیجگار پێشکەوتووی لەبەردەستدایە کە ئینتەرنێتی خێرای ئاسیاسێڵ یارمەتیدەدات کە خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆشیارکردنەوە بە فراوانترین شێوە دابینبکات؛ لەوانە ڕاوێژی پزیشکی لەڕێی ئینتەرنێتەوە وئاسانکاری زانستی و ئینتەرنێت کافێی بێبەرامبەر وخزمەتگوزاری تایبەتمەندی نیشتەجێکردن؛ هەموو ئەمانە بێبەرامبەر".

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم سەنتەرە پزیشکییە دیجیتاڵیە کە لە دوورەوە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشدەکات، ئاوارەکانی کەمپی بەردەڕەش دەبەستێتەوە بە پێشکەوتووترین دامەزراوەی پزیشکی لە عێراق؛ شاری پزیشکی فاروق کە زیاتر لە ٢٧٥ کم لە کەمپەکەوە دوورە. دانیشتوانی کەمپەکە دەتوانن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پزیشکە پسپۆڕەکانی شاری پزیشکیی فاروق ببین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانیان وچارەسەکردنیان. لەسەروو ئەمانەشەوە، پزیشکەکان دەتوانن بەئاسانی پەیوەندی بە سەنتەرە پزیشکییەکەوە بکەن و ڕێنمایی پێویستییان پێبدەن سەبارەت بەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشەکانی دەنوسن، ئەو کەلوپەلە پزیشکییانەی پێویستە بۆ چارەسەر بەکاربهێنرێن، هەروەها بۆ دیاریکردنی خشتەی کاتی پێویست بۆ وەرگرتنی ڕێوشوێنە پزیشکییەکان هەتا نەخۆشەکە چاکدەبێتەوە.

خەڵاتەکانی گلۆمۆ لە میانەی بۆنەیەکی ساڵانەدا دابەشدەکرێن کە تیایدا تازەگەرترین و ترێندیترین بەرهەمەکانی مۆبایل و خزمەتگوزاری دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جیهان ڕادەگەیەنرێن لە پێناو پشتیوانیکردنی تازەگەری بەرەوهێنانەکایەی بەرهەم و خزمەتگوزاری سەردەمیانەتر لە جیهاندا. ڕاستەوخۆ لە ئیسپانیاوە ولە بۆنەیەکی گریمانەییدا بۆ ماوەی کاژێرێك، براوەکانی خەڵاتی “GLOMO” ڕادەگەیەنرێن لە کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ “بە کاتی ناوەڕاستی ئەوروپا CET “، رۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢١.

198 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/29/2021 2:03:58 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ