هەواڵ
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌سه‌ر داخستنی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دابخرێت یاخود بفرۆشرێت و بدرێتە کەرتی تایبەت و جەختی دەکاتەوە کە "کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان چارەسەر دەکرێت."  

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەست ئاڕاسته‌ کەوتووە (19ی حوزەیرانی 2021) دەڵێت، "سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن."  

دەشڵێت:"ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە."  

جەختی کردووەتەوە: "بەداخەوە چەندین کەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە، لەهەمانکاتدا هاووڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەین بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان."  

هاوکات یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕەتیکردەوە هیچ هەوڵێک هەبێت بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە یاخود پێدانی بە کەرتی تایبەت و دەڵێت، "ئومێد دەکەین لەم هەفتەیەدا بەشێکی باش لە کێشەکان چارەسەر بکرێت."  

وتیشی‌، "هەر کەسایەتی‌ و لایەن و کۆمپانیایەک هەوڵی‌ داخستنی‌ ئەو نەخۆشخانەیە بدات ئێمە لێرەوە ئاشکرای‌ دەکەین و ڕێگری‌ لەهەموو هەوڵێکیش دەکەین و تا ئێستاش هیچ هەوڵێک بۆ ئەوە نەدراوە".    

لەبارەی‌ بەڵێنەکانیشەوە، نەقشبەندی‌ وتی‌، "ئاواتەخوازم  ناوەڕاستی‌ ئەم هەفتەیە بەشێک لە کێشەکان بەتایبەتی‌ کێشەی‌ موچەی‌ پزیشکەکان و کارمەندان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی‌ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە و ئەوانیش پەرۆشی‌ چارەسەرکردنن".    

باسی‌ لەوەشکرد: گەڕانەوەی‌ پزیشکان و کارمەندان بۆ دەوامەکەی‌ خۆیان لەسەر بنەمای‌ خەمخۆری‌ و مرۆڤدۆستیان بووە ئەگینا هێشتا پارەی‌ لەبری‌ نۆڕینگەیان بۆ خەج نەکراوە.    

139 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/19/2021 12:17:46 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ