هەواڵ
قوباد تاڵەبانی: دەیسەلمێنین لەم كابینەیەدا زیاتر لەوەی وتراوە هەلی كار دەستەبەر كراوە
 ئاڕاستە

قوباد تاڵه‌‌بانی جێگری سه‌‌رۆكی ئه‌‌نجومه‌‌نی وه‌‌زیران، به‌‌ئاماده‌‌بوونی وه‌‌زیری دارایی و ئابووری و وه‌‌زیری كشتوكاڵ و سه‌‌رچاوه‌‌كانی ئاو، له‌‌چوارچێوه‌‌ی پڕۆژه‌‌ی نیشتمانی به‌‌بازاڕكردنی گه‌‌نمی جوتیاران دا، كارگه‌‌ی به‌‌رھه‌‌مھێنانی ئاردی له‌ سلێمانی كرده‌وه‌. 

له‌و مه‌راسیمه‌دا ئه‌‌مڕۆ (19ی ئه‌یلولی 2021) قوباد تاڵه‌بانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتی چوار مانگه‌دا توانراوه‌ كارگه‌كه‌ ته‌واو بكرێت كه‌ له‌ توانایدایه‌ رۆژانه‌ پێنج سه‌د ته‌ن ئاردی خۆماڵی به‌ كوالێتی به‌رزه‌وه‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا نرخی ئارد به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی نرخی دراو و كێشه‌كانی هاورده‌كردنه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌وان له‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و  كۆمپانیای قه‌یوان و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵه‌كانیان خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كارگه‌یه‌ به‌زوویی ته‌واوبكرێت تا كۆتایی به‌ نیگه‌رانی هاووڵاتیان بهێنرێت.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند ته‌واوكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا سه‌لماندی ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت هه‌ماهه‌نگ و هاوكاربن، ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنین. ئاماژه‌‌ی به‌‌وه‌‌شدا كه‌‌ ته‌نها به‌ ته‌واوكردنی ئه‌م به‌شه‌ی پڕۆژه‌كه‌، توانراوه‌ ٤٠٠ هه‌لی كار دابین بكرێت، به‌ ته‌واوبوونی كۆی پڕۆژه‌كه‌ش پێنج هه‌زار هه‌لی كاری راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی دیكه‌ش ده‌ڕه‌خسێت. 

له‌ به‌شێكیتری وتاره‌كه‌یدا جیگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌مدا مۆڵه‌ت وه‌به‌رهێنان به‌ ٨٦٠ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و بچوك و مامناوه‌ند دراوه‌ كه‌ زیاتر له‌ ٤٨ هه‌زار هه‌لی كار ده‌ڕخسێنێنن. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌ ئاماژه‌ی دا به‌ سێ پڕۆژه‌ی به‌ بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران و پرۆژه‌ی سلێمانی بیست بیست و پڕۆژه‌ی كارگه‌ی شه‌كری بیتوێن كه‌ ته‌نها ئه‌م سێ پڕۆژه‌یه‌ نزیكه‌ی ١٨ هه‌زار هه‌لی كار بۆ گه‌نجان ده‌ڕه‌خسێنن.

له‌باره‌ی سودی ئه‌م پرۆژه‌ نیشتمانییه‌ بۆ جوتیاران، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: چیتر جوتیاران نیگه‌رانی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می گه‌نم نابن و چاو له‌ده‌ستی به‌غدا نابن كه‌ ئاخۆ چه‌نده‌ گه‌نمیان لێ وه‌رده‌گرێت و كه‌ی پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.

له‌به‌شیكیتری وتاره‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسی له‌وه‌كرد كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وینه‌ سه‌ر رێگه‌ راسته‌كه‌ی حكومڕانی، به‌و متمانه‌یه‌ی له‌نێوان حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت دروست بووه‌، به‌و چاكسازییانه‌ی ده‌ستمان پێ كردووه‌ بۆ نه‌هێشتنی رۆتین و ده‌ستێوه‌ردان له‌بازار و كاری بازرگانی و نه‌هێشتنی مافیاگه‌ری و سه‌رانه‌ وه‌رگرتن و هه‌روه‌ها به‌و كارئاسانییانه‌ی له‌مه‌ودوا بۆ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی ده‌كه‌ین، له‌ داهاتووی نزیكدا پڕۆژه‌ی زیاتر و گه‌وره‌تریش جێبه‌جێ ده‌كرێن كه‌ هه‌لی كاری زیاتر ده‌ڕخسێنن و ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌كات.

هه‌روه‌ها فاخر شێخ تەیب بەڕێوبەری جێبەجێكاری پڕۆژەكانی كۆمپانیاكانی قەیوان سەبارەت بە كارگەی ئاردی سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو پڕۆژەیە ڕێگردەبێت لە بەرزبوونەوەی نرخی ئاراد و هەروەها ڕۆڵی دەبێت لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پشت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەبەستین و لەدهۆكیش بەردی بناغەی كارگەی ئارد دادەنێین.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو كارگەیە گەنمی جوتیاران وەردەگرێت و هەنگاوی تر بە ئاراستەی پتەوتركردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم دەنێین و پڕۆژەی كارگەی ئاردی سلێمانی یەكێكە لەو 13 كارگەیەی لەسنووری سلێمانی تەواو دەكرێن. 

وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان وتیشی: لەدیاریكردنی نرخی گەنم ڕەچاوی باری دارایی هاووڵاتیان دەكەین و ئەو ئاردەی كە هاوردە دەكرێت كوالێتی باش نییە و مادەی كوشندەی تێكراوە.

بێگەرد تاڵەبانی وتیشی: هەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ نەهێشتنی قۆرخكاری لەنێو كۆمپانیان و دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو كۆمپانیان دەرەخسێنین و دەبێت نرخی ئارد بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست نەكات.

181 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/19/2021 1:54:23 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ