هەواڵ
لەبارەی دابەشكردنی مووچەوه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دریت
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

 بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین، لەبارەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت به‌پێی یاسای چاكسازی، مووچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن.

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24/11/2021، حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، بۆمیدیایه‌كی پارتی ئاشكرایكردوه‌: "لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێك و لە وەزارەتی داراییش رێنوێنی دەرچووە، ئەو خانەنشینە پلە تایبەتانەی مووچەكانیان هەموار كراوەتەوە، بەپێی یاسای چاكسازی مووچەی خۆیان وەردەگرن، ئەوانەی تر، كە كێشەیان هەیە، بۆ نموونە خزمەتیان كەمە، یان تەمەنیان كەمە، 50%ی مووچەی خانەنشینییان پێدەدەین، هەروەها هەندێكیشیان 25%ی مووچەكانیان پێدەدەین، تاوەكوو خۆیان لەگەڵ یاساكە دەگونجێنن".

ئاماژەی بەوەش داوه‌ ئەو خانەنشینانەی كێشەی كۆدی بایۆمەترییان هەبێت، یان بایۆمەترییان نەكردبێت، مووچەیان رادەگیرێت، چونكە وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە، مووچە هەمووی بە بایۆمەتری خەرج بكرێت، بۆیە دەبێت هەموو مووچەخۆرێك تۆمار بێت و كۆدی بایۆمەتریی هەبێت.

جەختی له‌وه‌شكردۆته‌وه‌، ئەم مانگەش مووچەی خانەنشینی سەربازی پێش مووچەی شارستانی دەدرێت، گوتیشی: "دوو هەزار و 422 خانەنشینی پێشمەرگە ئەم مانگە مووچە لە بانكەكان وەردەگرن، ئەوانە لە وەزارەتی دارایی مووچە و دۆسیەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی خراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و پڕۆسەكەش بەردەوامە".

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراشی كردوه‌: "لەو دوو هەزار و 422 خانەنشینەی پێشمەرگە، 983 كەسیان خەڵكی سلێمانین و لە بانكەكانی سلێمانی مووچە وەردەگرن، هەزار و 441 كەسیش خەڵكی هەولێر و دهۆكن و لە بانكەكانی هەولێر و دهۆك و دەوروبەری مووچەیان پێدەدرێت".

 

جێگه‌ی باسه‌ ، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 250 هەزار خانەنشین هەیە.

2344 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/24/2021 1:23:53 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ