تەرمی نۆ کۆچبەر لە یۆنانەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان
ئاراسته:عهبدول نهجم
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە سبەینێ تەرمی چوار لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە ئەسیناوە بەڕێ بکرێن و لە ئێوارەی شەممە بگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
"ئاری جەلال"ڕایگهیاند، رۆژی شەممەش تەرمی پێنج لە قوربانیانی ئەو ڕووداوەی لە گەشتی دووەمدا گیانیان لەدەستدا لە ئەسیناوە بەڕێدەکرێن و ئێوارەی سێ شەممە دەگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو ٩ کۆچبەرە ھەموویان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن وپێکھاتوون لە ٨ ژن و پیاوێک کە لە ئەنجامی ژێرئاو کەوتنی یەختێک لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیپیرای یۆنان گیانیان لەدەستدا، ٥٧ کۆچبەریش لەو رووداوە رزگارکران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەلایەن دەزگای لوتکەوە دۆسیەی تایبەت بۆ قوربانیان ئەو ڕووداوە کراوەتەوە و ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم کراوە، ھاوکات بریکارنامە لە کەسوکاریان قوربانی وەرگیراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان.
|