هەواڵ
شێوازى پێدانى لەزگەى تەکسى بە شۆفێران دەگۆردرێت
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

وەزارەتى گواستنەوە ڕایدەگەیەنێت، پێداچوونەوە بە شێوازی پێدانی لەزگەی تەکسی دەکرێت و ڕەنگە بەپێی پێویستی و شایستەیی خەڵک، مەرجەکانی شۆفێریی تەکسی بگۆڕدرێن.

دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، پرۆسەی پێدانی لەزگە بە شۆفێرانی تەکسی بەردەوامە. پێشتر بەهۆی ئەوەی کاتمان بۆ دیاری کردبوون شۆفێران بە ئارەزووی خۆیان بۆ وەرگرتنی لەزگە دەچوون، بەڵام ئێستا هەر شۆفێرێکی تەکسی بگاتە مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، ئەگەر لەزگەی لە ئۆتومبێلەکەی نەدابێت پسووڵەی سەرپێچیی بۆ دەکرێت و دوای وەرگرتنی سزاکەش ناچار دەکرێت بەوەی لەزگە لە تەکسیەکەی بدات.

ئاماژەشى بەوەکردوە، رێنماییەکان لە هەموو شارەکان جێبەجێ دەکرێت و بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک لەزگە لە تاکسییەکەی نەدات لە دوای 2021/11/01ـەوە بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

رێکارەکانی وەرگرتنی لەزگە بەم شێوەیەن:

- شریتی لەزگە و كارتی زانیاری لە ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت و مۆڵەتی شۆفێریی تایبەتیش بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت کە کاری شۆفێریی تەکسی دەکەن.

- نرخ و رەنگی لەزگە لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازە بە جۆرێک لە هەولێر بە 18 هەزار دینار، لە سلێمانی بە 18 هەزار و 750 دینار، لە دهۆک بە 13 هەزار دینارە.

- لێدانی لە زگەکەیش بۆ یەک جارە مەگەر بەهۆی رووداوێکەوە لە زگەکە تێکبچێت یان مامەڵەی پێوە بکرێت ئینجا دەگۆڕدرێت. رەنگی لەزگەی تەکسییش لە هەولێر سوور و لە سلێمانی شین و لە دهۆکیش رەش دەبێت، ئەوانەیشی لە هێڵی نێوان شارەکان کار دەکەن رەنگی قاوەیی دەبێت.

لە سەرەتای دەرکردنی بڕیارەکەوە پێدانی مۆڵەتی تەکسی چەند مەرجێکی سەرەکی لە خۆگرتبوو بە شێوەیەک مۆڵەت بە هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی پلەیەک هەتا پلە شەش نەدەدرا و شۆفێر دانیشتووی هەر شارێک بێت پێویست بوو کارتی زانیاریی ئەو شارەی هەبێت کە کاری شۆفێری تێدا دەکات.

لەو بارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: ئێستا لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە پێکهاتووە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، پێداچوونەوە بەو رێکارانەدا دەکرێت کە پێشتر دانراون و ئەگەر هەیە مەرجەکان بگۆڕدرێن بە شێوەیەک بەپێی پێویستی و شایستەیی خەڵک بڕیار دەدرێت.

بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندان، 82 هەزار تەکسی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

لەبارەی ئاماری بەستنی لەزگەی شریتی تەکسی لە شارەکان،رایگەیاندوه‌: تاوەکو ئێستا لە هەولێر 27 هەزار فۆرم دابەشکراون. لەو ژمارەیە 22 هەزار و 944 تەکسی لەزگەیان لێدراوە، لە پارێزگای سلێمانی 6 هەزار تەکسی و لە دهۆکیش لە کۆی دابەشکردنی 13 هەزار و 756 فۆرم 10 هەزار و 336 تەکسی لەزگەیان لێدراوە.

 

 

125 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/11/2022 9:47:52 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ